ده‌بێ حکوومه‌ت ناوه‌ڕۆکی گرێبه‌سته‌که‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆسنه‌فت بۆ په‌رله‌مان ئاشکرا بکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ساڵێک به‌ سه‌ر ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای ڕۆسنه‌فتی ڕووسی تێپه‌ڕ ده‌بێت و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مانیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ده‌بێ حكوومه‌ت ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان یان لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار ئاشكرا بكات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2017دا كۆمپانیای ڕۆسنه‌فت و حكوومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێكیان بۆ په‌ره‌پێدانی پێنج كێڵگه‌ی نه‌وتی هه‌رێم واژۆ كرد و به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ش كۆمپانیا ڕووسییه‌كه‌ تا ساڵی 2019 كڕیاری نه‌وتی هه‌رێم ده‌بێت كه‌ نه‌وتی خاو ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كات.

ڕێواس فایق ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌و پێنج كێڵگه‌یه‌ی كه‌ كۆمپانیا ڕووسییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌دا كاری تێدا ده‌كات ده‌كه‌ونه‌ سنووری پارێزگای مووسڵه‌وه ‌و كێڵگه‌كانی ئاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا نییه‌ كه‌ ئێستا له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدایه‌."

ناوبراو وتیشی: به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ كۆمپانیای ڕۆسنه‌فت توانای هه‌نارده ‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له ‌ڕێگه‌ی بۆری كوردستان- جه‌یهان له‌ 700 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ بۆ یه‌ک ملیۆن به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ پێشتر ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان بوووه‌ ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی مه‌ترسیداری ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕای‌گه‌یاند: "به‌شێک له‌ خاوه‌ندارێتی بۆری نه‌وتی كوردستان- جه‌یهان ده‌درێت به ‌كۆمپانیا ڕووسییه‌كه‌.

حكوومه‌ت پێشه‌كی دوو ملیار دۆلاری وه‌رگرتوووه‌

گۆران مه‌حموود ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له ‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: به ‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم پێشه‌كی دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری له ‌كۆمپانیا ڕووسییه‌كه‌ وه‌رگرتوووه‌ به‌ مه‌به‌ستی باشتر كردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان و پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

ناوبراو وتیشی: "به‌پێی ستانداردی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بوایه‌ كۆمپانیای ڕۆسنه‌فت 8%ی سوودی وه‌ربگرتایه‌ له‌ بردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ڵام ئێستا 15%ی سوود وه‌رده‌گرێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نییه‌."

گۆران مه‌حموود راشیگه‌یاند: هیچ زانیارییێكمان نییه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌برێت نه‌وتی كوێیه و لیژنه‌كه‌شمان هیچ زانیارییێكی له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌ به‌ڵام به ‌دڵنیایییه‌وه‌ داوا له ‌حكوومه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌و گرێبه‌سته‌ بهێنێته‌ په‌رله‌مان یان لانیكه‌م لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بكرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15762

Your Comment

You are replying to: .
captcha