کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەمە 1ی ڕەشەمەی 1398 بەرانبەر بە 20ی شوباتی 2020 بە بەشداریی کۆمەڵێک نووسەر و توێژەر و زمانناس، سەمپوزیۆمێکی تایبەت بە زمانی دایکی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
ئەرکی بەڕێوە بردنی سەمپوزیۆمەکە لە ئەستۆی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئەنجومەنی زانستیی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان و ستافی بەڕێوەبەری گۆڤاری هۆنە بوو. لەو سەمپوزیۆمەدا کۆی 10 وتاری پسپۆڕانە لە تەوەرە جیاجیاکانی زمانناسی لە کەسانی خاوەن بیر و پسپۆڕ لە چوارچێوەی چوار پەنێلدا پێشکەش کرا.
لە دەستپێکی سەمپۆزیۆمەکەدا دوکتور بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان وەک وتاربێژی سەرەکیی سەمپۆزیۆمەکە وتاری خۆی لە ژێر ناوی "زمان، سوبژێکتیڤیتە و ناسنامە: بۆچوونێکی فرەبابەتبژێر" پێشکەش کرد.
پەنێلی یەکەم به پێشکەش کردنی سێ وتار و به سکرتێریی ئاوات ئەحمەدی بەڕێوه چوو.
لەو پەنێلەدا دوکتور یادگار کەریمی مامۆستای بەشی زمانناسیی کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کوردستان وتارێکی لەسەر جۆراوجۆریی زمانی کوردی و داهاتووی زمانەکان پێشکەش کرد.
لای خۆیەوە دوکتور مەهدی سەجادی نووسەر و توێژەر کۆمەڵێک داڵغەی زمانیی لە سەر شێوەزاری هەورامی دەربڕی و لە وتارەکەیدا باسی هەژموونیی سەپاوی سۆرانیی بە سەر هەورامیدا کرد. وتارەکەی دوکتور مەهدی سەجادی لە ژێر ناوی "مافی زوانی ئەچا یاگێنە ئارۆ ماچاش کوردستان" هەڵگری خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانە لە سەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ "هەورامی" بوو. هەر لەو بارەیەەوە دوکتور بەختیار سەجادی بەرپرسی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان گوتی: ڕاسته هەورامی بەپێی ڕاگەیێندراوی فەرمیی یۆنێسکو له مەترسیدایه بەڵام لەگەڵ زەروورەتی پاراستنی شێوەزارەکان دەبێت زمانه فەرمییەکەش بپارێزێت.
وتاری سێهەمی پەنێلی یەکەم لە لایەن سەعید کەرەمی پێشکەش کرا. توێژەر لە وتارەکەیدا باسی ڕێزمانی کوردیی ورووژاند و خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانەی بۆ ڕێزمانی قەرزی لە زمانی کوردیدا کرد.
پەنێلی دووهەم بەیادی ئەحمەدی قازی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد بەڕێوە چوو. تەوەری پەنێلەکە له سەر زمانی ئتنیکەکان بوو و خاتوو مەهین فەرهەنگیان سەرۆکی پەنێل بوو.
بەگوێرەی مادەی پانزدەی دەستوور (قانون اساسی)، خوێندن به زمانی ئتنیک و قەومەکان ئازاده. لەم نێوانەدا نەبوونی دەقێکی پێوەر بۆته کێشەی بەردەم خوێندن به زمانی دایکی.
ئەحمەد شەبانی کارناسی باڵای فەلسەفەی پەروەرده و مامۆستای میوان له زانکۆکانی ئازاد و پەیام نوور لە وتارەکەی خۆیدا گوتی: له ئێران تا ڕادەیێکی کەم دانپێدانان لەسەر مافی زمانی ئتنیکەکان هەیه بەڵام دڵخۆشکەر نیە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترە. هەروەهاش خەسارێکی دیکەی چەمکی زمانی دایکی نەبوونی ئاماری فەرمی لەسەر ژمارە و حەشیمەتی ئتنیکی و زمانی له ئێرانە.
له سەردەمی ڕەزاشا بڕیار درا فارسی ببێته زمانی فەرمی و شانشینی ئێران ڕێگر بوو له گەشەکردنی زمانی دایکیی ئتنیکەکان. ئەحمەد شەبانی دەڵێت جیاوازی هەیه له نێوان خوێندن بە زمانی دایکی و خوێندنی زمانی دایکی.
بەگوێری مادەی نۆزدەی دەستوور (قانوون ئەساسی) هەموو ئیتنیکەکان یەکسانن و هیچیان فەزڵی بە سەر ئەوی دیکەدا نیه. بەڵگەیێکی یاسایی کە لە ئێران بۆ مەسەلەی زمانی ئتنیکەکان و زمانی دایکی لەبەردەستدایە بەڵگەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەرتی پەروەردەدایە. ئەو شتەی کە بە "سند تحول بنیادین آموزش و پرورش" ناسراوە. ئەو بەڵگەیە جەخت لەسەر دادپەروەریی بارهێنان و پەروەرده و هەروەها گرینگیدان و دەوڵەمەندکردنی پەروەرده لە ناوچه بێبەشەکان دەکاتەوە.
بە وتەی ئەحمەد شەبانی دەرسی ئازاد له قوتابخانەکان سەردەمی دەسەڵاتی خاتەمی بۆ دڵخۆشکردنی ڕیفۆرمخوازان بوو و خزمەت به زمان نەبووە و ئەوەی کە قوتابی بە زمانی فارسی له بارەی زمان و ئەدەبی کوردییەوە بخوێنێت هیچ خزمەتێک نەکراوه.
هەر لە پەنێلی دووهەمدا دوکتور فەریبا نامداری ئەندامی لیژنەی زمان لە ئیدارەی پارێزگاری و مامۆستای پەروەرده وتارێکی له سەر فێرگە و زمانی دایکی پێشکەش کرد.
دوکتور نامداری لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند بەپێی ئاماری نافەرمی 42 بۆ 49 لە سەدی منداڵانی ئێران دوو زمانەن و بەڵگە یاسایییەکان دەڵێن خوێندن بە زمانی دایکی ئازاده. بەڵام نەک هەر زمانی دایکی بەڵکوو زمانه فەرمییەکەش بەهۆی داڕشتەی هەڵە و گۆڕانێک کە له دەقی خوێندن کراوه کەوتۆته مەترسییەوه. بۆ نموونه ئیملا لە قوتابخانەکان هەڵگیراوه. یان توانای خوێندنەوە یان "مهارت خواندن" له پەروەردەدا دانەنراوه.
بە وتەی دوکتور نامداری خەسارێکی تر لە بواری زمانی دایکی ئەوەیه که پڕۆژەی خوێندن له دەرەوه وەرگیراوه و خۆجێیی نەکراوه. هەروەها بچووک کردنەوە و ژێردەست خستنی زمانی دایکی له چاو زمانی فەرمی بۆتە خەسارێکی دیکە و هەڕەشە لە زمانی دایکیی ئتنیکەکان دەکات.
هەندێک خاڵی پۆزەتیڤ و ئەرێنیی ئێستای زمانی دایکی ئەوەیە کە بە وتەی نامداری له قوتابخانەکان کاتی ئازاد بە کوردی دەخوێنرێت و ئەگەر مامۆستاکە کوردی نەزانێت له کەسانی پسپۆڕ کەڵک وەردەگیرێت بۆ نموونە لە چەند قوتابخانەیێکی شاری سنە مامۆستایانی پسپۆڕی زانکۆی بۆ وتنەوەی وانەی کوردی هاوکاریی ئیدارەی پەروەردە دەکەن.
دوکتور نامداری باسی ئەوەشی کرد کە هەڵمەتەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی خوێندن بە زمانی دایکی بەردەوامە و کتێبێکی دوکتور بەختیار سەجادی چووه بۆ چاپ و ئێستا له فرهنگستانه و له پۆلی 6 تا ۱۲ له خۆ دەگرێت. له ئاستی نەتەوەییشدا پێشنیاز کراوه بە وەزیری پەروەرده ڕۆژێک به ناوی ڕۆژی زمان و ئەدەبی ئتنیکەکان دیاری بکرێت بەڵام تا ئێستا وەڵام وەرنەگیراوه.
ڕەزا شەجیعی نووسەر و توێژەری کورد سکرتێری پەنێلی سێهەم بوو کە لە ژێر ناوی "زمانی دایکی لە ڕوانگەی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵناسانەوە بەڕێوە چوو.
لەو پەنێلەدا دوکتور جوانمێر عەبدوڵڵایی خوێندنەوەیێکی مافناسانەی بۆ زمانی دایکی کرد و ئەو پەیڕەوە نەتەوەیی و نێونەتەوەییانەی ورووژاند کە مافەکانی فێرکاری بە زمانی دایکی دەستنیشان دەکات.
لە پەنێلی چوارەمدا کە بەناوی "عەبدولڕەحمان زەبێحی"ەوە بەڕێوە چوو خوێندنەوەی دەروونناسانە و پەردەوردەیی بۆ زمانی دایکی کرا.
دوکتور یەدوڵڵا پەشابادی مامۆستای یاریدەدەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان وەک سکرتێری پەنێلی چوارەم وتارێکی لە سەر مامۆستا عەبدولڕەحمان زەبێحی پێشکەش کرد.
لە پەنێلی چوارەمدا دوکتور ئەحمەد سۆهرابی دوکتۆریی زمان لە زانکۆی کارینستۆنی کەنەدا وتارێکی لە ژێر ناوی "یەک جیهان و مێشک، چەند زمان" پێشکەش کرد. وتارەکەی دوکتور سۆهرابی خوێندنەوەیێکی مەعریفییانە و بنەڕەتیی بۆ مەسەلەی زمان وەک پردی پێوەندیی مرۆڤەکان کرد.
لای خۆیەوە دوکتور حەسەن غەریبی پسپۆڕی دەروونناسی و پەروەردە کە ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی پەیام نوورە باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە نیگەرانیی مرۆڤ بەرانبەر بە زمانی دایکی دروست دەکەن.
دوکتور غەریبی گوتی: توێژینەوە و خوێندنەوەی مەعریفییانە ئاشکرای دەکات کە هۆی نیگەرانییەکە ئەوەیە کە مرۆڤ ترسی ئەوەی هەیە زمانەکەی لێبسێندرێتەوە. لێرەدا دەوری دایک و زمانی دایکی دەردەکەوێت. دایک سەرچاوەی دڵبەستەییی مرۆڤە و بەردەوام ئەو نیگەرانییە لە مرۆڤی کورددا دروست بووە کە نەبا سەرچاوەی دڵبەستەبوونەکەی لێبسێنن.
هەروەها دوکتور غەریبی ئاماژەی بە دوو جۆر پێخۆر کرد کە دایکان بە منداڵانی دەدەن. یەکەم پێخۆری فیزیکی و دووهەم پێخۆری سایکۆلۆجیکاڵ. زمان لە پێخۆری سایکۆلۆجیکاڵدا دەوری تایبەت دەبینێت و نیگەرانیی مرۆڤ لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە مەترسیی لێسەندنەوەی سەرچاوەی دڵبەستەیی و ئاسایش بە مێشکی مرۆڤدا دێت.
سەمپۆزیۆمەکە بەم وتارە لە پەنێلی چوارەمدا کۆتایی هات و پێشنیازی کاری زیاتر لە دەرفەتەکانی داهاتوودا ئاراستە کرا.
Your Comment