کوردپرێس: دەرفەتی محمەمد تەوفێق عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕووی لە تەواو بوونە و گفتوگۆ و دانوستانەکان لە بەغدا لەمبارەوە چڕتر بوونەتەوە و ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی چارەنووسساز. لەم نێوانەشدا زۆرینەی حزبە کوردییەکانی عێراق کە شاندێکی هاوبەشیان پێکهێناوە، ڕۆژی سێشەممە 1ی فێبریوێری گەیشتەنە بەغدا و کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەست پێکرد.
شاندی کوردی لە بەغدا پێکهاتوون لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و نوێنەرانی مەسێحی و تورکمانەکان.
سەلیم شووشکەیی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری ئەم حزبە لە شاندی دانوستانکاری کوردی لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، لەبارەی سەردانەکەی ئەو شاندە بۆ بەغدا و بەرنامە و میکانیزمە ڕاگەیێندراوەکانی ڕاسپێردراوی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە کوردپرێسی وت: ئێمە بۆ گفتوگۆ هاتووین بۆ بەغدا و محەمەد عەلاوی هیچ کام لە بەرنامە و مینهاجی خۆی تا ئێستا ڕانەگەیاندووە تا ڕۆژی دەنگدان لەسەری بەرنامەکان ئیعلان ناکات، تەنها چەند شرووتێکی بۆ کاندیدەکان داناوە، ئێمە زیاتر بە مەبەستی چەند پڕۆژەیێکی نیشتمانی هاتووین، ئێمە هاتووین وەک هەرێمی کوردستان باس لە کێشەکان بکەین. ئێمە کێشەی خەڵکمان و کێشەی جوگرافیمان هەیە لەگەڵ عێراق و هەروەها کێشەی سیاسی و ئابووریمان هەیە و پرسی پێشمەرگە و کۆمەڵێک مەسەلەی دیکەمان هەیە. واتا ئێمە بۆ ئەوە هاتووین لە عێراقی نوێدا هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێک تەعامولی لەگەڵ بکرێت نەک وەکوو پارێزگایێک. لە پاشانیش بڕیارمان داوە کە ئیستیحقاقی هەرێمی کوردستان لە کابینە و حکوومەتی نوێی عێراقدا بەدەستی بێنێن و پاشان داوامان ئەوەیە کە ئەو حکوومتە حکوومەتێکی بەهێز بێت و شکۆ بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و بتوانێت سەرپەرشتیی ئینتیخاباتێکی نزیک بکات هەروەها کاتی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات و ئەمن و ئەمان بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە. ئەمانە داخوازییەکانی ئێمەیە.
شووشکەی لەبارەی ئەو دیدارانەی کە تا ئێستا شاندی دانوستانکاری کورد لە بەغدا لە گەڵ ڕەوتە عێراقییەکان ئەنجامی داون بە کوردپرێسی وت: جگە لە سائیروون لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆ بووینەتەوە و ڕای خۆمان بە ڕوونی پێیان ڕاگەیاند کە ئێمە ئەو داخوازیە دەستوورییانەمان هەیە لە حکوومەتی نوێ و ئەمە مەرجی ئێمەیە. تەقریبەن لێکنزیکبوون هەیە و هەوڵ ئەدەین ئەو ئەفکارنەی کە دوورن لە یەکتر لێک نزیک بکەینەوە و لەسەر خاڵێکی مامناوەند ڕێکبکەوین.
ناوبراو لەبارەی بەرنامەی دیدارەکانی ئەمڕۆی شاندی کوردی وتی: کاتژمێر دووی نیوەڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕاسپێردراو کۆ دەبینەوە. ئێستا لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆبوونەوەمان تەواو کردووە و بڕیاریشە لەگەڵ مالیکی و حەلبووسی و هەموو لایەنەکان کۆبوونەوەی جیاوازمان دەبێت و ڕای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردیان پێڕادەگەیێنین و بەم بۆنەوە کە کۆبوونەوەکان هێشتا درێژەیان هەیا ناتوانین لەسەر ئەنجامەکانی باس بکەین.
ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردی لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، لەبارەی میکانیزمی هەڵبژاردنی وەزیرەکانی کابینەی داهاتوو کە عەلاوی جەخت لە تیکنۆکرات بوون و سەربەخۆبوون و حزبی نەبوونیان دەکاتەوە و هەڵویستی لایەنی کوردی لەمبارەوە، وتی: ئایا تەعریفی سەربەخۆ چییە؟ مەسەلەن هەرێمی کوردستان چەندین پارت و لایەنی سیاسیی هەیە کە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بگەن بە دەسەڵات. لە بێبەش کردنیاندا تا چەند دەتوانێت ئەو وەزیرە سەرکەوتوو بێت؟ هەموو دەزانین عێراق وڵاتێکی موئەسساتی نییە لە عێراق میلیشیا و حزبی چەکدار هەیە؛ ئەو کەسانە کە سەربەخۆ دادەنرێن تا چەند دەتوانن لە پۆستەکانیاندا سەرکەوتوو بن. بۆ نموونە بە چ قیاسێک لە هەرێمی کوردستان سێ بۆ چوار کەس کاندید دەکات پێوەری چییە بۆ ئەوانە؟ کێ هاوکاریی دەکات و کێ دەستنیشانیان دەکات؟ ئێمە باشتر دەزانین لە هەرێم کێ خراپە و کێ خاسە. بۆیە داوامان لێکردووە هەرێمی کوردستان جیا کاتەوە لەو بابەتە و پارت و لایەنە سیاسییەکان خۆیان کاندیدی خۆیان دەستنیشان بکەن.
لە ئێستادا و لە کابینەی حکوومەتی ناوەندی وەزارەتەکان دیارن و لە دەستی دوو لایەنی تایبەتن، سەلیم شووشکەیی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری ئەم حزبە لە شاندی دانوستانکاری کوردی لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ وەکوو ئەندامێکی لایەنی کوردی کە بە هاوبەشی چوونەتە بەغدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا چ کەسێک لە کابینەی حکوومەتی داهاتوودا هەمان وەزارەتەکان (کە ئێستا لەدەستی کوردە) وەربگرێتەوە یان وەزارەتی نوێ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن وتی: تا ئێستا دیار نییە کورد چ وەزارەتێک وەردەگرێت و هێشتا گفتوگۆکان لەمبارەوە کە چ وەزارەتێک بە کوردەکان و دیکەی لایەنەکان دەدرێت درێژەی هەیە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment