شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جەخت لە پشکی کورد دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یه‌کێتی رایدەگەیەنێت، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا جەختیان لە پاراستنی پشکی کورد لە حکوومەت کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەوی رابردوو کۆبوونەوەی لایه‌نه‌کانی کورد، شیعه‌ و سوننە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو گفتوگۆکرا، کە بڕیارە بەم نزیکانە کابینەکەی رابگەیەندرێت.

لەمبارەوە سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی شاندی یه‌کێتی بۆ به‌غدا به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندووە: له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ کرا و به‌راشکاوی پێیان وتوون، "ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ حکوومه‌تی نوێ گێڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی عێراق و کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخی ئه‌منی و خۆئاماده‌کردنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، ئه‌وا ده‌بێت رێز له‌حزبه‌ سیاسییه‌کان بگیرێت، چوونکه‌ به‌بێ ڕێزگرتن له ‌حزبه‌ سیاسییه‌کان ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دی نایه‌ن".

سه‌عدی پیره ‌ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهێنانی حکوومه‌ت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حزبه‌کان به‌مانای رێز نه‌گرتن له ‌حزبه‌کان دێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ته‌وه‌ دیاری ده‌کرێن، ده‌بێت حزبه‌کان و هاوڵاتیان بزانن کێن، ده‌بێت هاوڵاتی له‌وه‌ تێبگات ئه‌و وه‌زیره‌ی دیاریکراوه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان ده‌کات یاخود نا.

پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ڵامی لایه‌نه‌ شیعه‌کان کرد و وتی، "کۆده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی عه‌لاوی ده‌یه‌وێت حکوومه‌ت پێکبهێنێت ته‌نانه‌ت له‌ناوخۆی شیعه‌کانی نیه‌، وه‌ڵامی ئه‌رێنیشیان بۆ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌کانی ئێمه‌ هه‌بوو، به‌جۆرێک ئێمه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ نه‌کرد دوو گرووپی جیاواز بین له‌گه‌ڵ شیعه‌کان و بۆچوونمان یه‌ک بوو".

ناوبراو روونیشی کردەوە، وه‌ک لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان به‌فه‌رمی ئه‌وه‌یان به‌لایه‌نی شیعه‌کان وت، که‌ هه‌ڵوێستی یه‌کگرتووی کوردی له‌سه‌ر شێوازی پێکهێنانی حکوومه‌ت هه‌یه‌، "پشکی ئێمه‌ سێ له‌سه‌ر چوار ده‌کات و له‌ناوخۆماندا له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی به‌رمانده‌که‌وێت رێکده‌که‌وین، ئیستحقاقی هه‌رێم ئه‌گه‌ر نه‌بێت چوار وه‌زیر له‌سێ وه‌زیر که‌متر نابێت".

شاندی هەرێمی کوردستان کە پێهاتووە لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە سه‌ردانی سه‌رۆک کۆمار ده‌کات دواتر له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لاوی کۆ دەبنەوە.

ئەندامەکەی شاندی یەکێتی بۆ بەغدا روونیکردەوە، "شێوه‌یێکی گونجاو بۆ دیاری کردنی وه‌زیره‌کان په‌یڕه‌و ده‌که‌ین به‌جۆرێک، کاندیده‌کانمان له‌سه‌رکردایه‌تیمان نابن، که‌سانی ته‌کنۆکرات،لێهاتوو، پسپۆڕ و شاره‌زا ده‌بن له‌و پۆستانه‌ی به‌رمان ده‌که‌وێت".

سه‌باره‌ت به‌پشکی هه‌رێمیش له‌به‌رنامه‌ی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت، پیرە ئاشکرای کرد، "محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی خۆی پیاوێکی روون نییه‌، چوونکه‌ پێشبینی سه‌یری هه‌یه‌ و کێشه‌ی گه‌وره‌یه‌ به‌ر له‌بینینی پێناسه‌ی بکه‌ین".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157573

Your Comment

You are replying to: .
captcha