بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئیندیپێندێنت-ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا باس لە کۆچ کردنی ژمارەیێکی زۆر لە گەنجانی کوردی سووریا دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هۆکاری کۆچ کردنەکە لە ترسی خزمەتی سەربازیی ناچارییە لە لایەن هێزە کوردەکانی سووریا، هێزە سەربزیوەکانی سەربە تورکیا و هەروەها ئەرتەشی سووریا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش لە هەرێمی کوردستان نزیک لە 9000 کەس لە کوردانی سووریای تێدایە کە زیاتر لە نیوەیان پێکهاتوون لە گەنجان و مێرمنداڵانێک کە لە ترسی یاسای سەربازیی ناچاری لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەرەوە هەرێمی کوردستان لە عێراق هەڵدێن.
خەدیجە ئەگرەب سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆمیساریای مافی مرۆڤ بە ئیندیپێندێنت-ی وتووە: ژمارەیێک بەرچاو لە مێرمنداڵان و گەنجانی کوردی سووریا لە مانگی ئاکتەوبری 2019ەوە کە تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەو ناوچانە هەڵاتن و خۆیان گەیاندە کەمپی بەردەڕەش. لە ڕۆژێکدا 50 کەس خۆیان دەگەیێنە ئەم کەمپە.
خانەوادەیێکی کوردی سووریا بە ئیندیپێندێنت-یان وتووە: ئەوان ناچارن بڕێکی زۆر پارە بە قاچاخچیەکان بدەن تا کوڕە گەنجەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە و یان ئەگەر بۆیان بکرێت بەرەو ئەورووپایان ببەن.
ئەرتەشی سووریا کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ هێزە کوردییەکان داخڵی ناوچە کوردنشینەکان بووەتەوە دەیەوێت خزمەتی سەربازیی ناچاری لەو ناوچانەدا کارا بکاتەوە. لە لایێکی دیکەشەوە هێزە کوردەکان گەنجەکان بۆ تەڤڵ بوون بە خۆیان بانگهێشت دەکەن و هێزە سەربزیوەکانی سەربە تورکیاش کە لە مانگی ئاکتەوبردا دەستیان بەسەر چەند ناوچەیێکی کوردنشیندا گرت بە دوای سەربازگیریی ناچاریی لەنێو گەنجانی ئەو ناوچانەدان.
ژمارەیێک زۆر لەو گەنجە کوردانە کە لەترسی خزمەتی ناچاری چوونەتە هەرێمی کوردستان لە دوو ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپیەوە هاتوون کە لە ئاکتەوبری 2019ەوە تورکیا داگیری کردووە و بەشێکی دیکەی ئەو گەنجانە سەربە ناوچەکانی کۆبانی و حەسەکە-ن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment