کوردپرێس:
لە زۆرینەی شرۆڤە و خوێندنەوەکاندا کە لە سەر کورد کراوە ئەو ڕوانگەیە زاڵە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا تا ئەو کاتەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت پشتگیریی کورد دەکەن و کە بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا نەما دەست لە کورد بەر دەدەن و دەستەواژەی خەیانەتیش یەک لەو دەستەواژە زاڵانەیە کە لەبارەی شێوەی مامەڵەکردنی ڕۆژئاوا لەگەڵ مەسەلەی کورد بەکار دەهێنرێت.
بەڵام ژمارەیێک لە چاودێران ڕوانینی جیاوازیان هەیە و لەسەر ئەو قەناعەتەن مەسەلەی کورد یەک نوسخەی هاودەنگ نیە و زۆر گرووپ و لایەن نوێنەرایەتیی مەسەلەی کورد دەکەن هەر ئەوەش وای کردووە کورد ببێتە خاوەنی چەندین ڕێباز و هەڵوێستی جیاواز بۆ نموونە دەبینین کە کوردەکانی عێراق ڕوانگە و سیاسەتی جیاوازیان هەیە لەوەی کوردەکانی سووریا نوێنەرایەتیی دەکەن.
جەیکب ئێل شاپیرۆ بەڕێوەبەری پەیمانگای جیۆپۆلۆتیکاڵی فیوچەرز یەک لەو چاودێرانەیە کە کێشەی کورد بە نەبوونی یەکدەنگی و ڕاجیاوازیی لایەنە کوردییەکان دەزانێت و لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە هەمان خاڵ بۆتە هۆکاری کێشەی کوردەکانی عێراق و سووریا و لەمپەری سەرەکیی گەیشتنیان بە ئامانجەکانیانە.
شێوەی مامەڵەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ مەسەلەی کورد
بەڕێوەبەری پەیمانگای جیۆپۆلۆتیکاڵی فیوچەرز لەبارەی شێوەی مامەڵەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ مەسەلەی کورد بە کوردپرێسی وتووە: "من دڵنیا نیم کە ڕۆژئاوا خاوەنی سیاسەتێکی یەکدەست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی کورد بێت چوونکە ڕاجیاوازیی کورد لەبارەی مەسەلەی کوردەکانەوە زاڵە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە زۆر لایەن و قەبارە هەن کە خۆیان بە نوێنەر و دەنگی کورد دەزانن. ئەمانەش خاوەن ئامانج و سیاسەتی جیاجیان و هەر بەو پێیەش ڕێبازەکانیان جیاوازیی لەگەڵ یەکتر هەیە."
کوردەکانی سووریا
ناوبراو لەبارەی مەسەلەی کوردەکانی سووریاوە بە کوردپرێسی وتووە: "ئەستەمە کوردی سووریا بتوانێت زلهێزێک بدۆزێتەوە کە هەمیشە لە هەموو هەلومەرجێکدا پشتگیریی کورد بکات. زۆر وڵاتی وەک ئەمریکا و ڕووسیا و سووریا و سعوودیە یان خود وڵاتانی دیکەش کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستن تەنها نیازیان ئەوەیە کە کورد بکەنە دارەدەست و لە پێناو ئامانج و بەرژەوەندیی خۆیان قەبارە کوردییەکان بەکار بهێنن و پشتگیرییان بکەن."
بەڕێوەبەری پەیمانگای جیۆپۆلۆتیکاڵی فیوچەرز لەبارەی شێوەی سەرکەوتنی کوردەکانی سووریا دەڵێت: "کوردی سووریا حەشیمەتێکی کەم و پارێزگاری کردنیان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان سەختە. کوردی سووریا دەبێت بەردەوام کار لەسەر پاراستنی باڵانس و هاوسەنگی بکات. کوردی سووریا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە دەبێت زۆر پێوەری جیاجیا لەبارەی وڵاتانی خاوەن هەژموونیی دەرەوەی سووریا بەکار بهێنێت و توانای قەناعەت پێهێنانی وڵاتانی زلهێزیان ببێت بۆ ئەوەی پشتگیرییان لێبکەن."
جەیکب ئیل شاپیرۆ ئاماژەی بە نەبوونی ڕوانگە و دنیابینیی هاوبەشی نێوان کوردی عێراق و سووریا کردووە و دەشڵێت: "خاڵی گرینگ ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق و سووریا لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵگری دنیابینیی جیاوازن. هەر بۆیەش ڕیچکە و ڕێبازیان یەک نیە. بۆیەش زەحمەتە کە قەبارە کوردییەکان بتوانن بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست داوای ماف و ئامانجی خۆیان بکەن. کێشەی کوردی سووریا ئەوەیە کە نەیتوانیوە دەنگی کوردەکانی دیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ خۆی یەک بخات. کوردی سووریا دەبێت پێش هەموو شت قەناعەت بە کورد بهێنێت کە لە مەسەلەی کوردیدا لەگەڵیان بن و پاشان وڵاتانی زلهێز بەکار بهێنن بۆ پشتگیری کردن لە کورد."
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment