بەیاننامەی سەرۆکایەتیی هەرێم لەبارەی چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌کانى گۆڕه‌پانى سياسيى عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکایەتیی هەرێم لەبارەی چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌کانى گۆڕه‌پانى سياسيى عێراق و هەرێمی کوردستان بەیاننامەیێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی لە پاراستنی مافی یاسایی هەرێم کراوەتەوە.

کوردپرێس: ئه‌مڕۆ 11/2/2020 له‌ سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌رپه‌رشتيى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى جێگرانى سه‌رۆک، کۆبوونه‌وه‌يێکى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و فراکسيۆنه‌ کوردستانييه‌کان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ساز درا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دۆخى عێراق و هه‌نگاوه‌کانى يه‌کخستنى هه‌ڵوێستى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان و فراکسيۆنه‌کان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌کانى هه‌رێم بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌کانى گۆڕه‌پانى سياسيى عێراق و کوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌نگاوى کرده‌يى بۆ پێکهێنانى هاوپه‌يمانيى فراکسيۆنه‌ کوردستانييه‌کان، تاوتوێ کران.

دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ و تێبينيى فراکسيۆنه‌کان له‌سه‌ر چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فيدراڵييه‌کان له‌ به‌غدا و باس کردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌ى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌کان له‌ عێراق، هه‌مووان کۆک بوون که‌ پێويسته‌ به‌ يه‌کهه‌ڵوێستى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى پرسه‌کان بکرێت و هه‌نگاوى کرده‌يى بنرێت بۆ پێکهێنانى هاوپه‌يمانى و په‌يڕه‌وێکى گشتگيرى بۆ ئاماده‌ بکرێـت که‌ مايه‌ى په‌سه‌ندى هه‌موو فراکسيۆنه‌کان بێت.

کۆبوونه‌وه‌ به‌ گرنگييه‌وه‌ دۆخ و پێشهاته‌کانى عێراقى خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختى له‌ پێويستيى گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى بۆ وڵات و به‌کارنه‌هێنانى توندوتيژى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داوا ڕه‌واکانيان له‌ خزمه‌تگوزارى و ژيان و ئاينده‌يێکى باشتر کرده‌وه‌.

ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌‌ هه‌نگاونان بۆ پێکهێنانى کابينه‌ى داهاتووى حکوومه‌تى فيدراڵى بوو، له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماده‌بووان کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاکانى هه‌رێمى کوردستان و پاراستنى قه‌واره‌ ده‌ستوورى و سياسييه‌که‌ى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌کانى گه‌لى کوردستان و ناوچه‌ کوردستانييه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى کوردستان، بنه‌ماى سه‌ره‌کيى هاوبه‌شى و به‌شداريى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان ده‌بێت، هه‌ر هه‌نگاوێکيش بۆ گفتوگۆى پێکهێانى کابينه‌ى تازه‌ى حکوومه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو لايه‌نه‌کان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا ده‌بێت به‌ شێوه‌يێک مافه‌کانى هه‌رێمى تێدا پارێزراو بێت و سه‌رجه‌م لايه‌نه‌کانيش به‌شداريى کارايان له‌ دروست کردنى بڕيارى هاوبه‌شدا هه‌بێت.

کۆبوونه‌وه‌ دڵنيايى ده‌داته‌ گه‌لى کوردستان به‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانييه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ر گفتوگۆ و ڕێککه‌وتنێکدا، مافه‌کانى هاووڵاتيانى هه‌رێمى کوردستان له‌ پێشينه‌ى بنه‌ما نه‌گۆڕه‌کانى هه‌مووان ده‌بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157498

Your Comment

You are replying to: .
captcha