بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلیم هەمزە شووشکەیی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا دەڵێت: هێزە کوردییەکان دەستیان بە گفتوگۆ هاوبەشەکانیان کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیری راسپێرداو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو گەڵاڵە بکەن، بۆ ئەوەش هەموو لایەنە کوردییەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی لەگفتوگۆکاندا پشتیوانی داخوازی خۆپیشاندەران بکەن و دژ بە دانانی وەزیرەکان لەسەر بنەمای حیزبی بوەستنەوە.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا شووشکەیی باسی لەوە کردووە، کە ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا بەڕێوە دەچن سەردەکێشێت بۆ دروست کردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی، کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکات و دواتر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عەلاوی و روونکردنەوەی تێڕوانینی هەرێم بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق دەگەنە بەغدا.
هەروەها ناوبراو وتی: لایەنە کوردییەکان دژ بە هیچ بریارێک ناوەستنەوە، کە ئامانج لێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت، لەبەر ئەوەی ئەوە لەبنەڕەتدا داواکارییێکی جەماوەرییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment