ئێران: ئامادەی دەستپێشخەریین بۆ خۆش کردنی نێوانی سووریا و تورکیا

بەشی ئێران- نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئێران ئامادەیە دەستپێشخەری بکات بۆ ئەوەی ناکۆکیی نێوان تورکیا و سووریا کۆتاییی پێبێت.

کوردپرێس:

مەجید تەخت ڕەوانچی نوێنەری هەمیشەییی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە دانیشتنی ئەو ڕێکخراوەیەدا کە لە سەر تەوەری دواپێشهاتەکانی ئیدلیبی سووریا بەڕێوە چوو وتارێکی پێشکەش کرد.

تەخت ڕەوانچی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە گرژییەکانی نێوان تورکیا و سووریا لە سەر مەسەلەی ئیدلیب کرد و گوتیشی ئێران ئامادەیە یارمەتیی ئەو دوو وڵاتە بدات بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان کۆتایییان پێبێت.

نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی زیاد کرد کە ئێران وەک وڵاتێکی زامنی ڕێککەوتنی ئەستانە ئامادەی دەوری ئیجابیی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و سووریا لە سەر مەسەلەی ئیدلیب چارەسەر بکرێت.

ناوبراو هەروەهاش ئاماژەی بە دانیشتنی داهاتووی پڕۆسەی دانووستانی ئەستانە کرد کە بڕیارە لە تاران بەڕێوە بچێت و گوتیشی ئەو دانیشتنە دەرفەتێکە باشە بۆ چارەکرانی کێشەکانی تورکیا و سووریا.

بوونی سەربازیی تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی سووریا لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی تیرۆر و بەتایبەتی شەڕی داعش دەستی پێکردووە و سوپای تورکیا پشتگیری میلیشیا جیهادییە توندڕەوەکان دەکات کە نەیاری دەوڵەتی ناوەندیی سووریان. ساڵی 2018 بە داگیرکردنی کانتۆنی کوردنشینی عەفرین و وەرگرتنی ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوز لە ئەمریکاش و ڕووسیا توانیی جێگە پێی خۆی خۆشتر بکات و پێشتر لە ئیدلیبیش بوونی سەربازیی بوو. ئەکتەوبری 2019ش هێرشی دەست پێکرد بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی باکووری سووریا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی تورکی-ڕووسی- ئەمریکیدا هێزە کوردییەکان بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر و درێژاییی 400 کیلۆمەتر پاشەکشەیان پێکرا و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کەوتە ژێر دەسەڵاتی سوپای تورک.

دەوڵەتی ناوەندیی سووریا سوورە لە سەر ئەوەی هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی ئەو وڵاتە وەربگرێتەوە و پێشڕەوییەکانی سوپای ئەو وڵاتەش لە ئیدلیب بەردەوامە بەڵام تورکیاش مکووڕە لە سەر ئەوەی ئیدلیب چۆڵ نەکات هەر ئەمەش گرژیی نێوان دوو وڵاتەکەی لێکەوتۆتەوە.

سەرهەنگ ئۆلچای دنیزر بەڕێوەبەر لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی دواپێشهاتەکانی شاری ئیدلیبی سووریا ڕایگەیاند: "وەڵامی هەموو کردەیێکی سەربازی دەدەینەوە کە هێز و بنکە سەربازییەکانمان بکاتە ئامانج و بە هیچ شێوەیێکیش نیازمان نەبووە و نیشە کە لە خاڵە سەربازییەکانی ئیدلیب بکشێینەوە".

ناوبراو زیادی کرد سێ خاڵی سەربازیی ئەوان کە خاڵەکانی حەوت و هەشت و نۆی سەربازیی تورکیان ئێستا کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە و ئەوان ئامادەن بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیێکی سەربازی یان هەر فەرمانێکی پێویست کە لەو بارەیەوە بە دەستیان بگات.

News Code 157460

Your Comment

You are replying to: .
captcha