کوردپرێس:
سەرهەنگ ئۆلچای دنیزر بەڕێوەبەر لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی دواپێشهاتەکانی شاری ئیدلیبی سووریا ڕایگەیاند: "وەڵامی هەموو کردەیێکی سەربازی دەدەینەوە کە هێز و بنکە سەربازییەکانمان بکاتە ئامانج و بە هیچ شێوەیێکیش نیازمان نەبووە و نیشە کە لە خاڵە سەربازییەکانی ئیدلیب بکشێینەوە".
ناوبراو زیادی کرد سێ خاڵی سەربازیی ئەوان کە خاڵەکانی حەوت و هەشت و نۆی سەربازیی تورکیان ئێستا کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە و ئەوان ئامادەن بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیێکی سەربازی یان هەر فەرمانێکی پێویست کە لەو بارەیەوە بە دەستیان بگات.
بوونی سەربازیی تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی سووریا لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی تیرۆر و بەتایبەتی شەڕی داعش دەستی پێکردووە و سوپای تورکیا پشتگیری میلیشیا جیهادییە توندڕەوەکان دەکات کە نەیاری دەوڵەتی ناوەندیی سووریان. ساڵی 2018 بە داگیرکردنی کانتۆنی کوردنشینی عەفرین و وەرگرتنی ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوز لە ئەمریکاش و ڕووسیا توانیی جێگە پێی خۆی خۆشتر بکات و پێشتر لە ئیدلیبیش بوونی سەربازیی بوو. ئەکتەوبری 2019ش هێرشی دەست پێکرد بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی باکووری سووریا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی تورکی-ڕووسی- ئەمریکیدا هێزە کوردییەکان بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر و درێژاییی 400 کیلۆمەتر پاشەکشەیان پێکرا و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کەوتە ژێر دەسەڵاتی سوپای تورک.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئەو جووڵە سەربازییانەی تورکیا بە مەترسی دەزانن و باس لەوە دەکەن کە ئەمە ڕوئیای ئیمپراتوورییەتی عوسمانییە کە لە مێشکی سەرۆکی تورکیادایە و کار بەو ئاراستەیە دەکات و ئەو ناوچانە بە خاکی تورکیا دەزانێت کە لەو وڵاتە دابڕێنراوە و بە خەیاڵی ئەردۆغان دەبێت بگەڕێندرێتەوە سەر خاکی وڵاتەکەی. هەر بۆیەش زۆر جار باس لەوە کراوە تورکیا پشتگیریی میلیشیا تیرۆریستییەکان دەکات و لە پڕۆسەی داگیرکردنی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانیشدا سوپای ئازادی سووریا و ژمارەیێکی تر هێزی توندڕەوی جیهادیی بەکار هێنا.
Your Comment