ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ تورکیا دژی پەکەکە دەوەستێنێت

بەشی جیهان- بەهۆی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سووریا و کردنەئامانجی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکە، ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەگەڵ تورکیا دەوەستێنێت کە ئەم پرۆگرامە هاوکاربووە بۆ ئەنقەرە تاوەکو هێزە کوردییەکان، لەنێویاندا گەریلاکانی پەکەکە، بکاتە ئامانج.

کوردپرێس:

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەمریکا ئەو پرۆگرامەی لەگەڵ تورکیا وەستاندووە کە تایبەت بووە بە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی تایبەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە بە درۆن ناسراون.

وو لەو بەرپرسە ئەمریکییانە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە ناوی خۆیان ئاشکرانەکردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا ئەمریکا هیچ زانیارییەکی هەواڵگریی بە تورکیا نەداوە، بەتایبەتیش لەبارەی گەریلاکانی پەکەکە، هەرچەندە ئەو هێزە لەلایەن ئەمریکاشەوە وەک "گرووپێکی تیرۆرستی" ناسێندراوە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن ئامادەنەبووە لەوبارەوە هیچ لێدوانێک بدات، تەنیا ئەوە نەبێت کە رایگەیاندووە، ئەمریکا لە ساڵی 1997ەوە پەکەکەی وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە و لە رابردوودا ئەمریکا لە چەندین رێگەی جیاوازەوە پشتیوانیی تورکیای کردووە دژی پەکەکە.

هاوکات هیچ بەرپرسێکی تورکیا ئامادەنەبوون بە ئاشکرا لێدوان لەوبارەیەوە بدەن، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا وەستانی پرۆگرامەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، وەستانی ئەم پرۆگرامە ئەرکی تورکیا لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە قورستر دەکات و خەرجییەکانیشی زیاتر دەبن.

هەروەها، کڕینی سیستەمی ئێس 400یش لەلایەن تورکیا لە رووسیا هۆکارێکی دیکە بووە تاوەکوو ئەمریکا بڕیاری وەستاندنی ئەم پرۆگرامە لەگەڵ تورکیا بدات.

News Code 157431

Your Comment

You are replying to: .
captcha