بەپێی هەواڵی کوردپرێس یوسرا ڕەجەب سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق به یهکێک لهو پهرلهمانتارانه دهناسرێت که ڕاشکاوانه له سهر پرس و بابهتهکان لێدوان دهدات و خاوهنی ههڵوێستی تایبهتی خۆیهتی.
کوردپرێس سهبارهت به دوو پرسی گرینگی بڕیاری پهرلهمانی عێراق بۆ دهرکردنی هێزی بیانی له وڵات و ههروهها بۆردوومانهکان و سنوور بهزاندنهکانی سوپای تورکیا له ههرێمی کوردستان چاوپێکهوتنێکی لهگهڵ بهڕێز خاتوو یوسرا ڕەجەب ئهنجام دا که ئهمهی خوارهوه دهقهکهیهتی:
کوردپرێس: سەبارەت بە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە کە بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت و لەمبارەوە کاردانەوەیێکی ئهوتۆ لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندەوە نابینرێت، جەنابتان وەکوو پەرلەمانتارێک هۆکاری ئەم بێدەنگییە بە چی دەزانن؟
یوسرا ڕەجەب: ئێمە ئەم پرسیارە ئاراستەی حکوومەتی ئیتیحادیی عێراق دەکەین کە بۆچی بێدەنگن؛ ئەگەر ئیتیفاقێکی سیاسی یا دەوڵەتی بێت لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە کە ئەوان ئەمەیان ڕەت کردۆتەوەوە و دەڵێن هیچ ئیتیفاقێکی لەو شێوەیە لە نێوانیاندا نییە. ئەم پرسە دەتوانین تەنها بیگەڕێنینەوە بۆ لاوازیی ئیدارەدانی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەو کەسانەی کە بەڕێوەی دەبەن. هەروەکوو چۆن بینیمان دەوڵەتانی دیکەش تەجاوز دەکەنە سەر سیادەی عێراق ئەو تەجاوزەش کە تورکیا دەیکاتە سەر سیادەی هەرێمی کوردستان و عێراق (کە بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق) بێگومان دەگەڕێتەوە سەر لاوازیی ئەم دەوڵەتە.
کوردپرێس: هەرێمی کوردستان چ بەرپرسیارەتیێکی هەیە لەم ڕووداوانەدا؟
یوسرا ڕەجەب: بەرپرسیارەتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەماهەنگییەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادیدا هەیە؛ ئەوەی ڕاست بێت پاراستنی سنوورەکان لە ئەستۆی حکوومەتی ئیتیحادی و هەروەها حکوومەتی هەرێمیشە، بەڵام لە درەجەی یەکەمدا دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی ئیتیحادی. بێدەنگیی ئەم دوو حکوومەتە نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت کە بۆچی دەبێت لە سنووری بەینی دوو حکوومەتدا بەو شێوەیە مافی مرۆڤ پێشێل بکرێت و سیادەی عێراق تێک بشکێندرێت و هەروەها ئاسمان و خاکی عێراق دەبهزێندرێت، هەموو ئەمانە بۆ خۆی چەندین نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت.
کوردپرێس: حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لەم ڕووداوانەدا پەکەکە تۆمەتبار دەکات، بۆچوونی ئێوە لەمبارەوە چییە؟
یوسرا ڕەجەب: حکوومەتی عێراقی خۆی بۆ خۆی ئینکاری ئەوە دەکات کە هێزێکی لەو شێوەیە بوونی هەبێت لە ناو عێراقدا، بەڵام نازانم حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن بەو شێوەیە ئیتیهام ئەکات؛ جگە لەوەش پاراستنی ئەو سنوورە بۆ خۆی لەکاتی ساڵانی ڕابردوودا با بڵێین پێش 2003دا لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کەواتا قسووری لەخۆیانە کە بۆچی ڕێگە ئەدەن ئەمە ڕووبدات؟! جگە لەوەشە هەموومان باش دەزانین کە تورکیا هێشتا هزر و بیری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەیە، ئەگەر دیقەت بدەین خۆ لە لیبیا پەکەکە بوونی نییە کە تورکیا هێزەکانی بۆ ئەو وڵاتە ناردووە. هەموومان دەزانین کە نییە، ئەم بیانووە بیانوویێکی بێ بنەما و بێ ئەساسە یەعنی ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر بۆ خۆی باس لە بوونی ئەو هێزە بکات لەناو خاکی عێراقدا، ئەگەر دەلالەت لە شتێک بکات تەنها دەلالەت لە لاوازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کوردپرێس: مانگێک پێش ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێکی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لهم وڵاته دەرکرد، نوێنەرانی کورد ئامادەی ئەم دانیشتنە نەبوون؛ یەکەم بۆچی نوێنەرانی کورد ئامادهی دانیشتنەکە نەبوون؟ دووهەم؛ ئایا جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە کاریگەری ناکاتە سەر عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی تورکیا لەو ناوچانەدا جێگیرن؟
یوسرا ڕەجەب: ئێمە لەگەڵ دەرکردنی هەموو هێزێکی بیانین، نەک تەنها هێزێک بەدەر لە هێزێکی تر، واتا جیاوازی کردن هەڵەیە و خودی ئەو دانیشتنە بۆ نموونە زیاتر ڕووی دەم کرا لە بوونی هێزی ئەمەریکا لە ناو خاکی عێراقدا و ئهمه لە کاتێکدایه من جەخت لەوە دهکهمهوه کە هەموو هێزێکی بیانی دهبێ دەربکرێت.
ئەمەریکا بۆ خۆی ڕێککەوتنی ئەمنی لە گەڵ عێراقدا هەیە کە ئەو ڕێککەوتنە لە کاتی خۆیدا بۆ عێراق بە ڕاستی زۆر زۆر باش بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. بەڵام ئەوەی کە سەیرە ئەویە کە ئەو پەرلەمانتارانە باسی بوونی هێزی تورکیا ناکەن لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا لە کاتێکدا بە هیچ شێوەیێک هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی ئیتیحادیی عێراق و حکوومەتی تورکیادا نییە. ئێمە بۆ خۆمان پرسیارمان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ئایا بە ئیتیفاقەوە هێزی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانە؟ دەڵێن نەخێر، بە هیچ شێوەیێک. کەوایە هێزێک بەبێ هیچ ئیتیفاق و ڕێککەوتنێک بوونی هەیە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و ئێوە هەمبەر ئەم بابەتە بێدەنگن (هەرچەند کە خەڵکمان لێدەکات بە قوربانی و تەعەدا دەکات) و لە هەمان کاتدا هێزێک بە ئیتیفاقی ئەمنییەوە هاتووەتە عێراق بە نیازن دەری بکەن. ئەمە بۆ خۆی جۆرێکە لە تەناقوز و لەیەکنەچوون، بۆیە لە دانیشتنێکی لەو چەشنەدا بێ گومان ئێمە بەشدار نەدەبووین بە حوکمی ئەوەی کە دەبوو باسی دەرکردنی هەموو هێزێک بکرێت. بەتایبەت هێزی تورکیا کە داگیرکەر بێت و نەک ڕزگارکەر و نەک لەسەر ئتیفاقێکی ئەمنی لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا؛ بێ گومان بەبۆنەی ئەم تەناقوزە ئێمە لەو دانیشتنەدا بەشدار نەبووین.
کوردپرێس: دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق و ئاڵۆز بوونی پێوەندییەکانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا ئەو دەنگۆیە بڵاو بووەتەوە کە گوایا ئەمەریکا دەیەوێت هێز و بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکاتەوە بەتایبەت لە هەڵەبجە و سلێمانی؛ ڕا و بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم بڕیارە چییە و پێتان وایە ئەمە هەڕەشەیە یان دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان؟
یوسرا ڕەجەب: لە ڕاستیدا نەک هەر ئێستا بەڵکوو لە هەموو قۆناغەکاندا زەروورە کورد بزانێت کە چۆن سیاسەت بکات و بتوانێت تەوازونی خۆی بپارێزێت چ لە ڕووی ئاستی ناوخۆیی و چە لەڕووی ئاستی نێودەوڵەتیەوە.
جا مەسەلەی بوون یا خۆد زیاتر کردنی هێزی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان تەسەور ناکەم مەترسیێکی ئەوتۆی هەبێت ئەگەر لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پتهو و شەفاف هەبێت. بۆ نموونە ئەبێت ئێمە بزانین هۆکاری بوونی ئەو هێزانە لێرە چییە و بۆچی لێرەدا دەبن و نەک ئەوندە کە خەڵک هیچ ئاگای لەم بارەوە نەبێت و بەس ئەوندە بزانن کە هێزی ئەمەریکی لە ناوخاکی عێراق یاخود ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا زیاد بکرێن.
دڵنیام هەرێمی کوردستانیش جارێکی تر بۆ خۆی دەگەڕێتەوە سەر حکوومەتی ئیتیحادی و بێ پرس و ڕای ئەوان ئەو کارە (بڕیاری زیاتر بوونی هێزی ئەمەریکی لە هەرێم و کردنەوەی بارەگای نوێی سەربازی) ناکات. بۆیە بەو ڕادەیە من بە مەترسیی نازانم.
چاوپێکهوتن: حهسهن ساڵحی بهشی عێراق و ههرێمی کوردستان - ئاژانسی ههواڵی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment