بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەیێک ھاووڵاتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان ڕایگەیاند: "ژمارەیێک هاووڵاتی کە لە چینەوە هاتوونەتەوە ڕاگیراون. ئەوکەسانە ھەڵگری ڤایرۆسی کرۆنا نین، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی شوێنی گونجاویان بۆ دابین کراوە و بەردەوام چاودێریی پزیشکی دەکرێن".

کوردپرێس:

د. نەورۆز عوسمان، سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند: "ھەرچەندە ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام ژمارەیێک ھاوڵاتی کە سەردانی وڵاتی چینیان کردووە، لەناو فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی، وەکوو میوان ڕاگیراون، بۆ ئەوەی بەشێوەیێکی بەردەوام پشکنینی پزیشکییان بۆ بکرێت".

ناوبراو گوتیشی: "ئەو شوێنەی کە بۆ ئەو کەسانە دیاری کراوە، نەخۆشخانە نییە بەڵکوو میوانخانەیێکی گونجاوە، تەنھا لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ دڵنیایی ڕامانگرتوون، ئەگەر دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون، ئەوکاتە شوێنەکە بەجێ دەھێڵن".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی مرۆڤدا دوای 14 ڕۆژ نیشانەکانی دەردەکەوێت، ئێستا تیمێکی پسپۆڕی تەندروستی چاودێریی وردی ئەو کەسانە دەکات، خۆشبەختانە تا ئێستا ھیچ گومانێک ناکەین کە ھەڵگری ئەو ڤایرۆسە بن، بەڵام چاودێری ئەو کەسانە دەکەین تائەوکاتەی دڵنیا دەبین کە نیشانەکانی نەخۆشی کۆرۆنا لەو کەسانەدا بوونی نییە".

پێشتر تاهیر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانى به‌ (باسنیوز) ڕاگه‌یاند: "بۆ ڕێگری­كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕێوشوێنى توندمان ده‌ست پێكردووه‌، به‌جۆرێك تیمێكى تایبه‌ت به‌ ئامێری پشكنینی پێشكه‌وتوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ جێگیر كراوه‌ و پشكنین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان".

ماوەی دوو مانگ زیاترە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیێکی بەرچاو لەوڵاتی چین بڵاوبووەتەوە، بەپێی خشتەی نوێی چاودێریکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە لە چین گەیشتووەتە 14 هەزار و 386 کەس.

News Code 157420

Your Comment

You are replying to: .
captcha