حکوومەتی هەرێم هۆشداری لە هەبوونی مافیای نەوت و غاز لە هەرێم دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژى حکوومه‌تى هه‌رێم ڕوونکردنەوە لەبارەی مافیایێک دەدات کە ڕێگری دەکەن لە هاتنی نەوت و غاز و هەر ئەوەش بۆتە هۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و دەشڵێت: هه‌موو رێکاره‌کان ده‌گرینه‌ به‌ر قورغکاران و مافیاکان رووبه‌ڕووى یاسا بکرێنه‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 2ى شوباتى 2020 جووتیار عادل وته‌بێژى حکوومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان بەیاننامەیێکی دەرکرد و لەبارەی هەبوونی مافیایێکی گەورەی نەوت و غاز هۆشداری دا کە بوونەتە هۆی گرانبوونی نرخی فاز لە هەرێمی کوردستان.

وته‌بێژى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌باره‌ى گرانبوونى نرخى غاز له‌ ھه‌ولێر و دھۆک ڕایگه‌یاند "له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سێکى ده‌ستڕۆیشتووى سنوورى گه‌رمیان و سلێمانى رێگرییان لێ کراوه‌ و وه‌ک کارتێکى فشار رێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌شه‌ گازى شلى هه‌ولێر و دهۆک وه‌ک پێویست بگات ، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى گرانبوونى نرخى گاز له‌و دوو پارێزگایه‌".

ده‌قى ڕوونکردنه‌وه‌ى وته‌بێژى حکوومه‌تى ھه‌رێم:

له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌مه‌وه‌، وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌ بۆ داواکاریى ڕه‌واى هاووڵاتییان له‌ ئه‌نجامدانى چاکسازى و گرتنه‌به‌رى شه‌فافییه‌ت له‌ کاروبارى حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبه‌ستى کۆمپانیاکان له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و ڕێنماییه‌کان و به‌ پێى پرۆسه‌ى به‌ته‌نده‌رکردن بێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بابه‌تى گواستنه‌وه‌ى گاز له‌ کۆمپانیاى داناغازه‌وه‌ بۆ پارێزگاکانى هه‌رێم، که‌ له‌ لایه‌ن کۆمپانیایێکه‌وه‌ قورخ کرابوو، کرایه‌ ته‌نده‌ر و دواى ئه‌وه‌ى بۆ کۆمپانیایه‌کى دیکه‌ ده‌رچوو و بڕیار بوو له‌ سه‌رى ساڵى نوێوه‌ ده‌ستبه‌کار ببێت، به‌ڵام له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سێکى ده‌ستڕۆیشتووى سنوورى گه‌رمیان و سلێمانى رێگرییان لێ کراوه‌ و وه‌ک کارتێکى فشار رێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌شه‌ گازى شلى هه‌ولێر و دهۆک وه‌ک پێویست بگات ، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى گرانبوونى نرخى گاز له‌و دوو پارێزگایه‌.

له‌م دوو رۆژه‌ى ڕابردووشدا که‌سانى ئاماژه‌پێکراو به‌ هێزى چه‌کدار و توندوتیژى نواندن به‌رامبه‌ر به‌ کۆمپانیاکه‌، هێنده‌ى دیکه‌ دۆخه‌که‌یان ئاڵۆز کردووه‌. وێڕاى ئاگادار کردنه‌وه‌ى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستمان له‌م کێشه‌یه‌، دڵنیایان ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى پاشگه‌ز نابێته‌وه‌ و هه‌موو رێکاره‌ یاساییه‌کان ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى قورخکاران و مافیاکان ڕووبه‌ڕووى یاسا بکرێنه‌وه‌.

News Code 157395

Your Comment

You are replying to: .
captcha