کوردپرێس:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیێکدا لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستان لە تەلەڤزیۆنی ڕووداو باسی هەڵوێستی هەولێری کرد لەبارەی ڕاسپێردرانی عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دەڵێت: ئەگەر تەماشای نەخشەی سیاسیی عێراق بکەین لە 2003وە تاوەکوو ئەمڕۆ، رێککەوتنێک هەیە کە سەرۆککۆمار بۆ کورد دەبێت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ شیعەیە، تاوەکوو ئێستاش وا بەردەوام بووە. ئەگەر هاتوو کۆدەنگییێک لەسەر هەر بەربژێرێک هەبێت، چ لایەنی سوننی و چ لایەنی کوردستانی پاڵپشتیی دەکەن، بە مەرجێک کە ئەو کۆدەنگییە لەناو خودی شیعەکان هەبێت.
سەفین دزەیی ئەوەشی زیاد کرد: ئێمەش دەبێت چاوەڕێ بکەین، ئەگەر بێت و دانوستاندن لەنێوان خۆیاندا هەبێت. چونکە بەڕاستی زۆری خایاند. ئەوەی پێشتر هەبوو عادل عەبدولمەهەدی کەسایەتییێکی خاوەن ئەزموون و سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقە، لە رۆژانی ئۆپۆزیسیۆنیشدا هەر لە هەرێمی کوردستان بووە و ئاشنایەتییێکی تەواوی بە بارودۆخی کوردستان و عێراقیش هەیە، بەڵام بەداخەوە پاش ساڵێک لە پۆستەکەی کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی بۆ دروست بوو، کە ئەو قەیرانانەش، کردەی دەستی ئەو نەبوون، بەڵکوو پاشماوە یاخود میراتگری کۆمەڵێک قەیرانی پێشووتر بوو، چونکە ستەمە هەموو کێشەکان لەسەر ئەستۆی ئەو بگیرێت، بەڵام ئیتر بارودۆخی سیاسی عێراق ئاوای لێهات.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیادیشی کرد: پرۆسەی سیاسی پاش دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهەدی، حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە، بۆیە نەیتوانی بەشێک لەو رێککەوتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دا هەبووە جێبەجێ بکرێت، تەنانەت نەتوانرا یاسای بودجەی 2020یش رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەسند بکرێت. حکوومەتی داهاتوو حکوومەتێکی راگوزەر دەبێت، بۆ ماوەی ساڵێکە کە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت، بە واتایێکی دیکە ئەو رێککەوتنانەی لەنێوانی هەولێر و بەغدا هەبووە، یاخود بەغدا و وڵاتانی دیکەش پێویستە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، واتە حکوومەتی داهاتوو تەواوکەری حکوومەتی ئێستا یان حکوومەتی رابردووە. بێگومان دەبێت هەولێریش دەستپێشخەری بکات لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەوڵ بدات ئەو لێکتێنەگەیشتنانەی لە رابردوو هەبووە چارەسەر بکرێن.
سەفین دزەیی دووپاتیشی کردەوە: دەستوور بنەمایە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان، ئەو رێککەوتنانەی لە رابردوو هەبووە، ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسیانەی لەنێوان هێزە سەرەکییەکان هەبووە، پێویستە پەیڕەو بکرێت و رێزی لێبگیرێت. ئەو دانوستاندنەشی لە مانگی 3 و 4ی 2019 دەستیپێکرد تاوەکۆ کۆتایی 2019، کۆمەڵێک بنەما و رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، پێویستە جێبەجێ بکرێن.
Your Comment