کوردپرێس:
لەسەر پرسی ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێم بە هۆی ڕادەستنەکردنی نەوتەکەیەوە، لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی ئەوە دەکات کە فوئاد حسێن، وەزیری دارایی دەداتە دادگا ئەوەش لە پاش ئەوەی پێشتر سەرۆکی ئەو لیژنەیە لە نووسراوێکی بۆ حکوومەت داوای کردبوو کە ئەو هەنگاوە ڕاوەستێنن تاوەکوو هەرێم نەوت ڕادەست دەکات.
ئەو هەنگاوەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق پشتبەستووە بە یاسای ئیدارەی دارایی ساڵی 2019 کە لەیەکی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردووەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
خالید جەشعەمی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״حکومەت پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسای ئیدارەی داراییەوە و هەر بە پێی ئەو یاسایەش دەبێت هەرێم و پارێزگاکان داهاتی نەوت و غاز و داهاتەکانی دیکەیان ڕادەست بکەنەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی دەبێت سەرجەم ئەو بودجەیە ڕابگرێت کە دەیاننارد بۆ هەرێمی کوردستان״.
ناوبراو وتیشی: ״نووسراوی ڕاگرتنی ئەو بودجەیەمان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەگەر فوئاد حسێن وەزیری دارایی جێبەجێی نەکات بە پێی یاسای سزادانی عێراقی دەیدەینە دادگا״.
بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی عێراق، داهاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داندراوە.
Your Comment