بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکییەکان لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەددین کشاونەتەوە، هەرچەند رێککەوتن و گرێبەستیان لەگەڵیان هەیە، بەڵام فڕۆکە F16کان لە کارکردن بەردەوامن لە رێگەی کادیر و فڕۆکەوانە عێراقییەکان و دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان، چەندین بۆردوومانی ئاسمانییان دژی چەکدارانی داعش ئەنجام داوە.
ئەمەش لە حاڵێکدایە سەرچاوەیێکی ئەمنیی عێراق بە میدیاکانی ئەڵمانیای راگەیاندبووە، کشانەوەی شارەزایانی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی دیکە، بووەتە هۆی وەستاندنی فڕینی فڕۆکە F16کانی ئەمریکا و وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ئەو گرێبەستەی کراوە، بەگەڕخستنی ئەو فڕۆکانە بە تەواوی دەبێت لە رێگەی پسپۆڕان و تەکنیککارانی ئەمریکی بێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەیان، تەنیا فڕۆکەوانەکان عێراقین کە لە ئەمریکا مەشق و راهێنانیان پێ کراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment