٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٠ - ١٢:١٠
وڵاتی چێک لە هەرێمی کوردستان زانکۆ دەکاتەوە

بەشی جیهان- زانکۆی پالاکی وڵاتی چێک مەبەستیەتی لقێکی زانکۆکەی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە ئەوەش لە پێناو دامەزراندنی شارۆچکەی ئاکادیمیای چێک لە هەرێم.

کوردپرێس:

ڕادیۆی نێودەوڵەتیی وڵاتی چێک لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند داواکارییەکان بۆ دامەزراندنی شارۆچکەی ئاکادیمیی چێک لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و بەو مەبەستەش زانکۆی پالاکی وڵاتی چێک نیازیەتی لقێکی ئاکادیمیاکە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و لە چەند بەشێکی کۆلیژەجیاجیاکاندا خزمەتگوزاریی خوێندن بە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەدات.

مارتین کودلاچێک جێگری سەرۆکی کۆلیژی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پالاکی بە ڕادیۆی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەی وتووە سەرمایەدانەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان داوایان کردووە لقێکی ئاکادیمیای چێک لە خاکی هەرێم بکرێتەوە. هەرێمی کوردستان ناوچەیێکی پێشکەوتوو نیە بەڵام هاووڵاتییانی کوردی هەرێم پاش چەندین ساڵ سەرکوتکران لەلایەن بەعسەوە ئێستا تامەزرۆی خوێندن و فێربوونی زانستن. هەر بەو بۆنەیەشەوە زۆریان حەز لە دامەزراندن و کردنەوەی ئاکادیمیای پێشکەوتووی جیهانی لە هەولێر هەیە.

ناوبراو زیادی کرد: کوردەکان داوای ئەوە دەکەن پەیمانگا و سەنتەری ئاکادیمی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و داوای ئەوەشیان کردووە لقە جیاجیاکانی زانکۆ پێشکەوتووەکانی وڵاتی چێک لە یەک سەنتەری ئاکادیمی و شارۆچکەی تایبەتدا کۆ بکرێتەوە.

بە وتەی ناوبراو زانکۆی پالاکی چێک لە ئێستادا لە بەشی ئەندازیاریی نەوت لە هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات لەبەر ئەوەی ناوچەکە خاوەنی سامانێکی دەوڵەمەندنی نەوت و گازە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە وڵاتی چێک جەختیش دەکاتەوە ئەگەر سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا وڵاتەکەی مەبەستیەتی شارۆچکەیێکی ئاکادیمی لە خاکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و ئامانجەکەشی ئەوەیە تا 5 هەزار خوێندکار لە بەشە جیاجیاکاندا وەربگرێت.

ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەک لە ئامانجەکانی وڵاتی چێک لە کردنەوەی ئەو شارۆچکە ئاکادیمییە ئەوەیە کە یارمەتیی پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان بدات.

News Code 157297

Your Comment

You are replying to: .
captcha