کوردپرێس:
ئەشکەوتی قس قاپان یەکێکە لەو ٧٧٠ شوێنەوارەی کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە سەرپهرشتی دەکرێت. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦٥٠ ساڵ بەر لەئێستا (سەردەمی میدییەکان) واتا نزیكهی ٦٥٠ ساڵ پێش زاین، دەکەوێتە چەمی ڕێزان کە سەر بە شارۆچکە دووکانه.
کەم کەس زانیاریی لە سەر ئەو ئەشکەوتە هەیە. شوێنەوارناسان لەبارەی دیرۆکی ئەشکەوتەکەوە ئاوای دەگێڕنەوە: "لە ئەشکەوتەکەدا وێنەی دوو پاشا دەبینرێت یەکیان ناوی میدیایە و ئەوی دیکەیان ئاریتا. لە سەر دەروازەی ئەشکەوتەکە دوو نیوبازن هەیە. دوو بۆچوون لەبارەی ئەو نیوبازنەوە هەیە. بۆچوونێک دەڵێت ئەو نیوبازن دەلالەتە لە سەر ئاگرێک کە لە ئەشکەوتەکەدا بۆ ڕۆشنایی و گەرم کردن کراوەتەوە و بۆچوونی دووهەمیش دەڵێت دەلالەتە لە سەر دیاردەی خۆرگیران کە لە ساڵی حەوتەمی شەڕی دوو پاشاکە واتا میدیا و ئاریتا ڕووی داوە."
بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەشکەوتەکەوە هەیە بەڵام بەگشتی لە قۆناغە جیاجیاکاندا وەک ناوەندێکی ڕامیاری سوودی لێوەرگیراوە.
خەساری گەورە کە بۆتە مەترسی لە سەر ئەو شوێنەوارە کۆنەی کوردستان ئەوەیە کە بەداخەوە خەڵکانێک کە سەردانی ئەو ئەشکەوتەیان کردووە و ئاگادار نین لە زەروورەتی پارێزگاری کردن لە سامان و کولتووری خۆیان، دەستیان کردووە بە شێواندنی شوێنەوارەکە و شێواندنەکەش زیاتر نووسینە لە سەر دیوار و وێنەکانی ئەو ئەشکەوتە. ئەو نووسینە بە پەمپی بۆیاخ کراوە کە مادەی کیماییی خراپی تێدایە و زیان بە شوێنەوارەکە دەگەیێنێت.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری پارێزگای سلێمانیش داوا لە ھاوولاتییان دەکات، لەکاتی سەردان­کردنیان بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان، وەك سامانێکی نیشتیمانی لەو شوێنانە بڕوانن و بیانپارێزن.
*لە ڕاپۆرتێکی کوردستان 24 وەرگیراوە
Your Comment