کوردپرێس:
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و چەندین سەرکردەی دیکە و وەزیری وڵاتان لە داڤۆس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆ بووەوە.
کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی نامەیێکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێریز کرد و تێیدا جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە کە بریتین لە:
- نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی یوئێن لە عێراق دەتوانێت رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت، وەك ناوبژیكار و دەستپێكردنی "دایەلۆگێكی چڕ" لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەش: "جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق".
- بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان كە لانی كەم بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان دابنرێت لە هەولێر لە ئاستی جێگری نێردەی سكرتێری گشتی بێت.
- دیاریکردنی كەسێك وەكوو بەرپرسی كاروباری مرۆییی نەتەوەیەكگرتووەكان، چوونكە ئەو پۆستە لە ساڵی 2015وە پڕ نەکراوەتەوە.
- گواستنەوەی بنكەی سەرەكیی بەرنامەی مرۆییی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغداوە بۆ هەولێر، چوونكە "90%ی پەنابەرەکانی سووریا لە عێراق و 60%ی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن.
- لە راپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بە فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان بکرێت و دانی پێدابنرێت.
لە 22ی ئایاری 2019دا نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی نامەکەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ماددەی 140 دایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو، دوای پێکهێنان و دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان دەست بە کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140 دەکات.
لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا لە نیوەی یەکەمی 2019، كە كۆپییەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، 33 جار ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، 12 جاریش وشەی فیدراڵی بۆ ئاماژەدان بە دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق بەكارهاتووە.
هەروەهاش تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆتایی هات و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆ بووەوە.
ئەمڕۆ دوایین رۆژی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسە، تاوەکوو کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ بە فەرمی پانێلەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بەردەوام دەبێت، دواتر کارەکانی ئەم گەڕەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس کۆتایی پێدێت.
Your Comment