"مستەفا نبو" سکرتێری یەکێتیی ئێزدییەکانی عەفرین لە دیمانەیێکدا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە پاش ئەوەی سوپای تورکیا و میلیشیا توندڕەوەکانی سەربەو سوپایە عەفرینیان داگیر کرد ژمارەی ئێزدییەکانی ئەو شارە بە ڕێژەیێکی بەرچاو دابەزیوە و تەنها نزیکەی 7 هەزار کەس لە ئێزدییەکانی عەفرین لەو شارە ماون.
ناوبراو زیادی کرد ئێزدییەکان لە هەلومەرجێکی خراپدان و سەرباری ئەوەی ناچاریان دەکەن ئاینەکەیان بگۆڕن، ئازاریش دەدرێن چ لە باری ڕۆحییەوە و چ لە باری جەستەشەوە.
سکرتێری یەکێتیی ئێزدییەکانی عەفرین دەشڵێت: هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی ئێزدییەکانی سووریا بەدەستەوە نیە. ئەوەندەی هەیە ئێزدییەکان لە 22 گونددا دادەنیشن و ئامارە نافەرمییەکان دەڵێن ژمارەی ئێزدییەکانی عەفرین دەگاتە 25 هەزار کەس بەڵام تەنها 7 هەزار کەسیان لەو شارە ماون.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: سوپای تورکیا میلیشیاکانی سەربەو سوپایە پاش داگیرکردنی عەفرین دەستیان کرد بە تاڵان کردنی ماڵی ئێزدییەکان و کوشتن و دەرکردن و دوورخستنەوەیان و هاوکات هەموو مەزارگە پیرۆزەکانی ئێزدییەکانیان وێران کرد. 8 مەزارگەی پیرۆزی ئێزدییەکان کاول کرا کە گەورەترین حەرەمی ئێزدییەکانی سووریا لە تەپەی "شێخ بەرەکات" یەک لەو شوێنە پیرۆزانە بوو کە تێکدرا.
ئەو کەسایەتییە ئێزدییە ئەوەشی باس کرد کە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بە سوپای تورکیا ئێزدییەکان ناچار دەکەن واز لە ئایینەکەی خۆیان بهێنن و ئەو ڕەفتارەی جەهادییەکان بەرانبەر بە ئێزدییەکان دەیکەن هەمان تاوانە کە داعش لەگەڵیان دەیکرد.
Your Comment