وتاری سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنفڕانسی ئابووری جیهانیی داڤۆس

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆككۆماری عێراق گوتارێكی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی ئابووریی داڤۆس پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایەنێک بكات له‌سه‌ر حیسابی لایەنی دیكه‌.

کوردپرێس:

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق گوتارێكی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی ئابووریی داڤۆس پێشكه‌ش كرد و له‌ گوتاره‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، عێراق به ‌دۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت. خۆپیشاندان هه‌یه‌، بەشی زۆری گه‌نجانی عێراق ماوه‌ی چوار مانگه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندان و گیانیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ ئه‌وه‌ی داوای گۆڕانكاری بكه‌ن و خوازیاری باشبوونی دۆخی ئابووری و نیشتمان ده‌كه‌ن. هاوكات عێراق له‌نێو چه‌قی ململانێ و ناكۆكییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندایه‌.

سه‌رۆككۆماری عێراق لەبارەی تێکشکاندنی داعشەوە ڕایگەیاند، "له‌ سایه‌ی گیانفیداییی سوپای عێراق، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دیكه ‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شكستمان به‌ به‌ڵای داعش هێنا".

هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد، "هه‌ڵكشانی گرژییه‌كانی ئەمدواییەی نێوان ئێران و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌مریكا ده‌ریخست چاوه‌ڕوانییه‌كانمان به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستوه‌ردانی بیانی و ئه‌و ناكۆكییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌دان‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئێمه‌دان".

بەرهەم ساڵح ئەوەی خستەڕوو، "له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دا نییه‌ بخرێینه‌ نێو ناكۆكییێكەوە كه‌ بژارده‌ و دروستكراوی ئێمه‌ نییە. ئه‌گه‌ر دراوسێ و هاوپه‌یمانه‌كانمان ناكۆكبوون و رێزیان له‌ سه‌روه‌رییه‌كانمان نه‌گرت و خاكی ئێمه‌یان كرده‌ گۆڕه‌پانی ململانێكانیان، ئەو کات ناتوانین گۆڕانكاری له‌ ئه‌جێنداكانماندا بكه‌ین".

سه‌رۆككۆماری عێراق ڕاشیگه‌یاند، سوپاسی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دەکەین، له‌سه‌روویانه‌وه‌ ئه‌مریكا. ئه‌وان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا پشتیوانیی سه‌ربازی و ئابوورییان پێشكه‌ش كردین. هه‌روه‌ها ئێران رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕی دژی ‌داعشدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕایه‌ڵه‌ قووڵ و هاوبه‌شه‌كانی جوگرافی و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی و ئابووری و ئایین کە به‌یه‌كدییەوە گرێمان ده‌دەن. هه‌مان شت بۆ توركیا و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش دروسته‌".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، "له‌به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایەنێک بكات له‌سه‌ر حیسابی لایەنی دیكه، ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌ردوولایه‌ن رێز له‌ سه‌روه‌رییمان بگرن. هه‌روه‌ها ‌نابێت هیچ وڵاتێک هه‌وڵ بدات خۆی به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێت کە چۆن و له‌گه‌ڵ كێ په‌یوه‌ندی دروستبكه‌ین. هاوكات نابێت سزا بدرێین به‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سه‌روه‌رییه‌كانمان یان هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی سه‌ربازییمان".

له‌باره‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراقەوە بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، به‌رهه‌م ساڵح باسی لەوە کرد، بڕیاره‌كه‌ی ئەم دواییەی په‌رله‌مانی عێراق مه‌به‌ست لێی دژایه‌تی­كردن نه‌بووه‌، به‌ڵكوو په‌رچه‌كردار بووه‌ و زۆربه‌ی عێراقییه‌كان پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێشێلكاری بووه‌ بۆ سه‌روه‌ریی عێراق. ئه‌م پرسه‌ له‌ رێگه‌ی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

News Code 157276

Your Comment

You are replying to: .
captcha