فەلاح مستەفا: سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی کۆشکی سپی و تارانیش کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کراوە سەردانی کۆشکی سپی بکات و بانگهێشت لە لایەن تارانیشەوە هەیە بەڵام تا ئەم کاتەش کاتەکەی دیاری نەکراوە.

کوردپرێس:

فەلاح مستەفا ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتێکی هەیە بۆ واشنتن و کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە کاتێکی گونجاودا بچێتە کۆشکی سپی؛ لەبارەی بانگهێشتەکەی تاران بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی، ئەو بانگهێشتەش ماوە، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە.

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەگەر داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆئەوەی نێوەندگیری نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە بکات، بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، بەدڵنیایییەوە ئامادەیە.

فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێکان؛ لەبارەی بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان گوتی، لەو بڕیارەدا پەلە کراوە.

سەبارەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، لەنێویاندا هێزەکانی ئەمریکا، فەلاح مستەفا گوتی، تاوەکو ئێستا باسی ئەوە نەکراوە لە ئەگەری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو هێزانە بێنە هەرێمی کوردستان، تەنیا باسی ئەوە کراوە کە لە چوارچێوەی عێراق دەمێننەوە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق.

لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس ڕایگەیاند، دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان و سەرکردە ئابوورییەکان کۆ ببێتەوە بۆ خستنەڕووی پەیام و سیاسەتی هەرێمی کوردستان.

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆڕبەندی داڤۆس لە بڕگەی چاوبەچاو لەبارەی گرنگیی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا گوتیشی، گرنگییێکەی ئەوەیە سیاسەت و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو، دواتریش فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان "بۆ ئەوەی بتوانین نەک لە ڕووی سیاسی و ئاسایش، بەڵکوو لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین".

لەبارەی تەوەرەکانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە کرد "تەوەرەکان بریتین لە پرسە پەیوەندیدارەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا، شەڕی دژی تیرۆر، مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و عێراق، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق و تێڕوانینمان بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییانە، چوونکە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا نوێ نین".

هەر سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس، فەلاح مستەفا گوتی، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ترەمپ گرنگی و بایەخی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە دەردەخات.

News Code 157262

Your Comment

You are replying to: .
captcha