بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە 18\6\2018 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری جوانەمەرگ جەبار عوسمان، کرد کە بەهۆی ئەوەی هەولێ ئەوەی دابوو، گەشتیارێکی عەرەب لە خنکان رزگار بکات، خۆی گیانی لەدەست دا.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو گەنجە فیداکارەی گەلەکەمان دەکەم، گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە نمونەی ڕۆحی مرۆڤدۆستی و فیداکاری مرۆڤی کوردە".
جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە ئەمە رووداوێکی کەم وێنەیە و نیشانەیێکی ڕوونە بۆ کولتووریی بەرزی گەلی کوردستان، بۆ رێزگرتن لە میوان و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوما و سیمبوڵی مرۆڤسالاری کورد.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
‎بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
‎زۆر خەمبارین بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی هاووڵاتی (جەبار عوسمان) کە لە پێناو رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییێکی گەشتیاری عەرەب خۆی کردە قوربانی و لە ڕووباری چۆمان لە نزیک گوندی ''بەرسیرین'' خنکا.
‎بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو گەنجە فیداکارەی گەلەکەمان دەکەم، گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە نموونەی ڕۆحی مرۆڤدۆستی و فیداکاری مرۆڤی کوردە، ئەمە رووداوێکی کەم وێنەیە و نیشانەیێکی ڕوونە بۆ کولتووریی بەرزی گەلی کوردستان، بۆ رێزگرتن لە میوان و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو سیمبوڵی مرۆڤسالاری کورد.
لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو (جەبار عوسمان) بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە خانەوادەکەی ببەخشێت.
سهرچاوه: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment