هاوپەیمانان بەرەنگاری هەموو چەشنە هێرشێکی سەر مەنبەج دەبنەوە

به‌شی سووریا- كانتۆنه‌كانی سووریا جووڵه‌پێكردنی هێزی سه‌ربازیی توركیا به‌ره‌و شاری مه‌نبه‌ج ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و نوێنه‌رێكی ئه‌و كانتۆنانه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ مه‌نبه‌ج ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا ده‌بێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌تحوڵڵا حسێنی ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تی كانتۆنه‌كانی سووریا له‌ هه‌رێم به SNNی ڕاگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانی توركیا له‌باره‌ی له‌شكركێشیی ئه‌و وڵاته‌ بۆ مه‌نبه‌ج بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌ و هیچ هێزێكی ئه‌و وڵاته‌ به‌ ئاراسته‌ی مه‌نبه‌ج جووڵه‌ی نه‌كردوووه‌ و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ شوێنه‌كانی خۆیانن و به‌ هه‌مان شێوه‌ش سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندان له‌سه‌ر سنووره‌كان و به ‌هیچ جۆرێک جووڵه‌یان نه‌كردوووه‌.

فه‌تحوڵڵا حسێنی سه‌باره‌ت به ‌ڕێكکه‌وتنی نهێنیی نێوان ئه‌مریكا و توركیا ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌و ڕێکكه‌وتنه‌ بۆ پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانه‌ نه‌ک بۆ له‌شكركێشی بۆ ناو خاكی مه‌نبه‌ج.

میدیاكانی توركیا له‌سه‌ر زاری بیناڵی یێڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ هێزێكی زۆریان به‌ره‌و مه‌نبه‌ج به‌ڕێكه‌وتوون و به‌مزوووانه‌ش شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌و شاره‌ ده‌رده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ فه‌تحوڵڵا حسێنی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ شه‌ڕڤانێكی یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج هه‌بێت و ده‌شڵێت: "ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی مه‌نبه‌ج و وڵاتانی هاوپه‌یمان له ‌مه‌نبه‌ج بوونیان هه‌یه‌ نه‌ک یه‌په‌گه‌."

هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر توركیا ده‌ستێوه‌ردان بۆ مه‌نبه‌ج بكات و بیه‌وێت هێزه‌كانی جێگیر بكات وڵاتانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، كه‌ ئێستا هێزه‌كانیان له‌ مه‌نبه‌ج جێگیر كراون، قبووڵی ناكه‌ن و ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15699

Your Comment

You are replying to: .
captcha