کوردپرێس:
ساڵی 2001 کە پارتی دادوگەشە پێی نایە ساحەی سیاسیی تورکیاوە ئەجیندا و خەونی زۆری پێشکەش کرد. ئەو حیزبە بڕوای وابوو تا ئەو کاتەی کێشەی کوردی یەکلا نەکردۆتەوە ناتوانێت ڕاپەڕین لەو وڵاتەدا پێشبخات. هەر بۆیەش هەوڵی دا وتارێکی دیموکراسییانە بگرێتە بەر و جەخت لە سەر پێکەوەبوونی ئایین و نیشتمان بکاتەوە و دڵی کۆمەڵگای کورد بهێنێتە جێ و هێدی هێدی قەیرانێکی لە مێژینە چارەسەر بکات. کوردیش بەهانای ستراتیژییەتەکەی ئاکەپەوە ڕۆیشت و ئەوەش بە ئەنجامی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەرکەوت و بەربژێرە کوردەکانی پارتی دادوگەشە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە چاو دیکەی بەربژێرە کوردەکان چ سەربەخۆ و چ بەربژێری حیزبە کوردییەکان دەنگی زیاتریان مسۆگەر کرد.
تا دەچوو پشتگیری کردنی کورد لە پارتی دادوگەشە زیادی دەکرد. لەو نێوانەشدا لێدوان و هەڵوێست نواندنی ئەردۆغان دەوری تایبەتی دەبینی بۆیە ئەردۆغان لە نێو جەماوەری کوردی تورکیا خۆشەویست بوو. ناوبراو ساڵی 2005 لە لێدوانێکدا وتی: "پرسی کورد ئارمانجی منیشە". سەرەڕای ئەوەش بەبۆنەی ئەو تاوانەی ساڵی 1938 دژ بە کورد کرا و بە وتەی ئەردۆغان زیاتر لە 14 هەزار کورد لە ڕاپەڕینی گەلی کورددا کوژرا ئەردۆغان داوای لێبوردنی لە کورد کرد ئەوەش مەرهەمێک بوو بۆ زامی ناسۆری کورد کە چەندین دەیە بوو پێیەوە دەتلایەوە.
پارتی دادوگەشە سەرەڕای ئەو وتارە کە بە حەزی کورد بوو کۆمەڵێک کاریشی کرد کە مافی سەرەتایی هەموو هاووڵاتییێک بوو بەڵام لە 1924ەوە کە کۆماری ئەتاتورک دامەزرابوو کوردی لێ بێبەری کرابوو. هەندێک لەو کارانە بریتین لەمانەی خوارەوە:
ساڵی 2003 ڕێگە درا وانە بەزمانی کوردی بوترێتەوە.
بەشی زمانی غەیری تورکی و بەتایبەت بەشی زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کرانەوە.
مافی نووسین و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی پەسەند کرا.
ساڵی 2009 کەناڵێکی فەرمیی تەلەڤزیۆن بە زمانی کوردی کرایەوە.
لە ساڵی 2012وە ئەدەبی کوردی وەکوو وانەیێکی خۆڕسک لە قوتابخانەکانی تورکیا دەوترێتەوە.
لە ساڵی 2013وە تاوانباری کورد لە دادگاکانی تورکیا مافی ئەوەی هەیە کە بە زمانی خۆی بەشداریی دادگاکان بکات.
ساڵی 2013 پۆکێجێکی چاکسازی لە لایەن ئەردۆغانەوە پێشکەش کرا کە کۆمەڵێک خاڵی دیکەشی دەگرتەوە.
وێڕای ئەو 7 خاڵەی سەرەوە، دۆخی نائاسایی لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا هەڵوەشایەوە و پڕۆژەی گەورەی ئابووری تەرخان کرا بۆ ناوچە کوردنشینەکان.
لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکیا دانووستانی ژێربەژێری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئوجەلان و ژمارەیێک سەرکردەی پەکەکە لە دەرەوەی تورکیا و بەتایبەت لە وڵاتی نورڤیج دەست پێکرد. ئەو دانوستانە نهێنییەش لە سەر ئەرکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئەنجام دەدرا و کاتێک لە ساڵی 2012دا ئەو دانوستانە ڕووماڵ کرا دەزگای دادی تورکیا بە تاوانی پێوەندی کردن بە "ڕێکخراوی تیرۆریستی"یەوە هاکان فیدانی بانگ کرد کە سەرۆکی ئەو دەمی "میت" بوو. ئاشکرابوونی دانوستانەکە خەریک بوو ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ بەڵام ئەردۆغان تەداخولی کرد و ڕێگریی کرد لە کێشەی نوێ.
گفتوگۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی "یەکڕیزی و برایەتی"دا درێژەی پێدرا و ڕێککەوتنێکی نافەرمی دەستەبەر بوو و 21ی مارچی 2013 عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکەلە نامەیێکدا بەبۆنەی جەژی نەورۆزەوە داوای کرد پەکەکە چەک داماڵێت و بەشێوازی ئاشتییانە بەداواداچوون بۆ ئارمانجی کورد بکات. ئەو نامەیە خاڵێک وەرچەرخان بوو لە مێژووی کورددا هەر بۆیەش پەکەکە ئاگربڕی ڕاگەیاند.
لە هەمان ساڵدا ئەردۆغان مەسعوود بارزانی و چەند هونەرمەندی گەورەی کورد وەکوو ئیبراهیم تاتلیس و شوان پەروەری بردە ئامەد و لە میتینگێکی مەدەنیدا ستایشی کوردی کرد. هەڵبەت ئەوەش لە بیر نەکەین کە مەسعوود بارزانی دەوری کاریگەری بینی لە دانوستانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەدا.
گفتوگۆی دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لەپێر کارتێکەریی گۆڕانگارییەکان بەتایبەت جووڵەی کورد لە سووریا و زیادبوونی دەسەڵاتی باڵی سووریی پەکەکە تەق و لەق بەردەوام بوو و هەردوو لایەن لە ئەنجامدا گەشتنە ڕێککەوتن و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو دەم "یاڵچشین ئەکدۆغان" و شاندێکی هەدەپە لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕێککەوتنەکەیان ڕاگەیاند و ئەوجەلانیش ساڵی 2015 لە نامیێکی جەژنی نەورۆزدا ددانی نا بە 10 مادەی ئەو ڕێککەوتنەدا.
زۆری نەخایاند کە هەردوولا دەستیان کرد بە ناردنی پۆڵسی نیگەتیڤ و لە ئەنجامدا پڕۆسەی ئاشتی شکستی هێنا. لە لایێکەوە وا دەردەکەوت ڕێککەتنە دە مادەییەکە بە دڵی ئەردۆغان نەبوو و ڕەخنەی لە سەری هەبوو. ئەوەش دەڵالەت بوو لە سەر ناکۆکیی شاردراوەی نێوان ئەردۆغان و ئەحەد داوود ئۆغڵوو کە ئەو دەم سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو. لە لایێکی دیکەشەوە پارتی دیموکراتی گەلان سیاسەتی دژەئەردۆغانی گرتەبەر و بانگەشەی هەڵبژاردنی بەو دروشمەوە دەست پێکرد: "ناهێڵین ببیتە سەرۆککۆمار".
پاشان ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2015 کۆتاییی بە ئاگربڕ هێنا و پڕۆسەی ئاشتیی هەڵپەسارد.
هۆکارەکانی شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا
هۆکار زۆر بوون لە فەشەلهێنانی پڕۆسەی ئاشتی و ئاگربڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا. هەندێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە:
پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە تێپەڕاندنی هێڵی سوور بوو و تێچووی سیاسیی زۆری بۆ سەرف کرابوو و ئەوەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2015دا خۆی نواند و پارتی دادوگەشە تەنها سەدا 41ی دەنگی بەدەست هێنا و نەیتوانی بەتەنها حکوومەت پێک بهێنێت.
پڕۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە شکستێکی گەورە بوو بۆ ئەردۆغان. ئەردۆغان بینیی ئەو پڕۆسە ئاشتییە نەک هەر نەبووە هۆی قورس بوونی سەبەتی دەنگی ئەردۆغان لە نێو جەماوەری کورد بەڵکوو بووە هۆی سەرهەڵدانی پارتێکی چەپ بەناوی پارتی دیموکراتیکی گەلان کە لە باری ئایدیۆلۆجییەوە دژایەتیی حیزبی دەسەڵاتدار دەکات و دەنگی بەشێکی فراوانی کۆمەڵگای کوردی بردووە. هەر بەو پێیەش لە هەمان هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015دا بۆ یەکەم جار لە مێژووی تورکیادا حیزبێکی کوردی توانیی زیاتر لە 80 کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکات. لە لایێکی دیکەشەوە ئەردهغان بە ئاشکرا دەیبینی کە لە بەر ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ پەکەکە کردوویەتی بەشێک لە دەنگی جەماوەری تورکیا نەتەوەخوازیشی لێفەوتاوە. بەگشتی ئەردۆغان بینیی کە زەرەرمەند بووە تەنانەت پارتی دیموکراتیکی گەلان پاش ئەوەی سەرکەوتنی بەدەست هێنا نەک هەر لەگەڵ ئەردۆغان هاوپەیمانێتیی نەکرد بەڵکوو دژایەتیی حیزبی دەسەڵاتداریشی کرد. حیزبەکانی ئوپۆزسیۆنیش مەرجیان دانا بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکپارتی بکەن. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی نەتەوەخوازی بزاڤی نەتەوەپەرەستی تورکیا تەنها بەو مەرجە ڕازی بوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەردۆغان بکات کە ئاکپارتی واز لە پڕۆسەی ئاشتیی "خەیانەتبار" لەگەڵ پەکەکە بهێنێت. ئاکپارتی مەرجەکانی قبووڵ نەکرد و بەدوبارە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن وازی لە پڕۆسەی ئاشتی هێنا و ئەم جارەیان لە کۆی 550 کورسیی پەڕلەمانی تورکیا 317 کورسیی مسۆگەر کرد و حکوومەتی پێک هێنا.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا کارتێکەریی فراوانی هەبوو لە سەر دۆخی ناوخۆی تورکیا. ئەردۆغان بە توندی دژی حکوومەتی دیمەشق وەستایەوە و هەر ئەوەش وای کرد بەشار ئەسەد بە کارتی کورد بەرانبەر بە ئەردۆغان بوەستێت. سوپای سووریا لە هەندێک ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد کشایەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی دایە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەباڵی سەربازیی پەکەکە ناسراوە. ئەو ئاڵوگۆڕانە هێزی هێزی کوردی لە باڵانسی دەسەڵاتی سووریدا زیاد کرد. ئەوەش پارتی دیموکراتیکی گەلان و پەکەکەی تووشی هەڵە کرد و ئەو هەڵەیە دەشوبهێندرێت بە هەڵەی ئیخوان کە پاش شۆڕشەکەی 2011 کردی. هەدەپە دەیبینی کە پێگەی سیاسیی بەهێزی لە نێوخۆی تورکیا هەیە و حیزبی نزیک لە هەدەپەش لە وڵاتی سووریا بۆتە کێشی قورسی باڵانسی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بۆیە ئاستی چاوەڕوانیی هەدەپە لە پڕۆسەی ئاشتی زیادی کرد.
فاکتەرێکی دیکەی فەشەلهێنانی پڕۆسەی ئاشتی، ئاڵوگۆڕی نێوخۆی پەکەکە بوو کە لە ژێر کاریگەریی بیانیدا رووی دا. ئاڵوگۆڕەکەش ساڵی 1999 پاش دەستگیرکرانی عەبدوڵڵا ئوجەلان دەستی پێکرد. ئەگەرچی پەکەکە بە ڕواڵەت بەدەم داواکەی ئوجەلانەوە چوو بەڵام شکاندنی تاکلایەنانەی ئاگربڕ لە لایەن پەکەکەوە بە بڕوای زۆرینەی چاودێران پێچەوانەی ڕێچکەی داواکراوی ئوجەلان بوو و ئاڵوگۆڕەکەش لەوێوە دەستی پێکرد.
دوورنواڕی پڕۆسەی مردووی ئاشتی
ئەو هۆکارانەی فەشەلهێنانی پڕۆسەی ئاشتیی دەستەبەر کرد کارتێکەر بوون لە سەرهەڵدانی هەلومەرجی ئاڵۆزی پاش پڕۆسەکە. هەمان 5 فاکتەری ژووروو وای کرد هێدی هێدی دۆخێک سەرهەڵبدات کە کەلێنەکان پەرە بستێنن. لە ئەو دۆخە نوێیەدا پارتی دادوگەشە و شەخسی ئەردۆغان هەوڵیان دا تەرکیز بکەنە سەر دژایەتی کردنی پارتی دیموکراتیکی گەلان و ئەدەبیاتی خراپ دژ بە کورد بەکار نەهێنێت. هەر بەو مەبەستەش بەردەوام جەختیان لە سەر ئەوە دەکردەوە کە کورد گەلێکی دیندارە و هەدەپە نوێنەری ئەو گەلە نییە. تەنانەت ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا وەرگێڕاوێکی کوردیی قورئانی پیرۆزی بە دەستەوە گرت و هەوڵی دا ڕای کۆمەڵگەی کوردی بۆ خۆی ڕابکێشێت و لە هەدەپەیان دوور بخاتەوە. سێبەری قورسی دژایەتی کردنی هەدەپە و هەروەها بەرپەرچدانەوەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا کە بڕیار بوو بە کوردی ئەو ناوچەیە بدرێت وای کرد ئاکپارتی لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئاشتییانەی سەردەمی ئاشتی دوور بکەوێتەوە و ستراتێژییەتی کەمالی (کەمال ئەتاتورک) بگرێتە بەر و لە ڕێچکەی دەوڵەت باخچەلی نزیک ببێتەوە کە دژایەتیی هەموو چەشنە دانوستانێکی دەکرد لەگەڵ پەکەکە.
لەم نێوانەشدا کوودەتای بێ ئەنجامی 15ی تەمووزی 2016 ڕەوتێکی نوێی لە دەوڵەتی تورکیا پێک هێنا. ئەو بابەتە پڕۆسەی ئاشتیی دەوڵەت و کوردی تەفروتوونا کرد و لەلایێکی دیکەشەوە دژایەتی کردنی فەتحوڵڵا گولەن بوویە شابەیتی ئەدەبیاتی سیاسیی دەوڵەتی تورک. پارتی بزاڤی نەتەوەپەرەست لە ئاکپارتی و ئەردۆغان نزیک بوویەوە و لە هەمان کاتدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ 11 پەڕلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە زیندانی کران و پڕۆسەی سەندنەوەی متمانە و سەلبی حەسانەی یاسایی لە پەڕلەمانتارانی هەدەپە دەستی پێکرد. خزمایەتیی ئاکەپە و بزافی نەتەپەرەستی تورکیا بەردەوام و لە ئەنجامدا مانگی نیسانی 2017 هاوپەیمانییێکی بەهێزیان پێک هێنا بۆ بەرگری کردن لە گشتپرسیی هەمواری دەستووری تورکیا. دیارە ئەگەر بزافی نەتەوەپەرەست هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئاکپارتی پێک نەهێنابا چارەنووسی هەمواری دەستووری تورکیا بە ڕێچکەیێکی جیاوازدا تێدەپەڕی و خولیاکەی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ سەرۆک کۆماری بەبا دەچوو.
سەرەڕای هەموو ئەو فاکتەرانە، گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوول لە هەرێمی کوردستان وای کرد ڕاونینی لایەنەکانی تورکیا بۆ کورد ڕوانینێکی بێمتمانە و هەستۆک بێت.
ئێستاش ئەو ئەنگێزەیەی ئاکپارتیی هان دابوو دانوستان لەگەڵ کورد بکات وەکوو خۆی ماوەتەوە و پێدەچێت پاش هەڵبژاردن، حیزبی دەسەڵاتدار جارێکی تر بە میکانیزمێکی جیاوازەوە هەوڵی گفتوگۆ کردن و ئاشتی کردن لەگەڵ کورد بدات. پێدەچێت ئەردۆغان پاش هەڵبژاردنی 2018 دوو ڕێچکە بگرێتە بەر:
یەکەم ئەوەی بەئاستەم و هێدی هێدی ڕوو لە کورد بکاتەوە ئەوەش بە پێدانی ئازادیی سیاسیی زیاتر و تەرخان کردنی پڕۆژەی ئابووریی گەورە بۆ ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا.
دووهەم ئەوەی بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر قەندیل بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوازێکی جیاواز پەکەکە ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستان.
*لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس نووسراوە
*لە ماڵپەری دیپڵۆماسیی ئێرانییەوە وەرگیراوە
Your Comment