به‌ره‌ى توركمانى داواى دۆخێكى تايبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى كه‌ركووک ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ره‌ی توركمانی داواى له‌ دادگای فیدراڵی و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كرد كه‌ پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركووک دۆخێكى تايبه‌تى هه‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ره‌ى توركمانى له‌ به‌ياننامه‌يێكدا جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، نابێت چه‌مكی یه‌كگرتوويی نیشتمانی ته‌نیا له‌ شیعه‌ و سوننه‌ و كورد كورت بكرێته‌وه‌ و توركمان فه‌رامۆش بكرێت.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌يدا به‌ره‌ى توركمانى دژايه‌تیی خۆى بۆ ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق له‌ (12ى ئايار)ى رابردوو ده‌ربڕيوه‌ و هۆشدارى داوه‌ له‌ په‌رده‌پۆش كردنى ساخته‌كارييه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و داواي كردوووه‌، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركووک دۆخێكی تایبه‌تی پێی بدرێت و جیاواز بێت له‌ پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین و ئه‌نبار و مووسڵ.

سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕينى زياتر له‌ مانگێک به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراقدا، تا ئێستا ئه‌نجامی كۆتایی له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵی په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و به‌شێكی لایه‌نه‌كانیش تێبینیان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌ هه‌یه‌.

له‌ شارى كه‌ركووک هه‌ريه‌ک له‌ توركمان و عه‌ره‌ب ره‌تي ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كان قبووڵ بكه‌ن و يه‌كێتىی نيشتيمانیی كوردستان به‌ ئه‌نجامدانى ساخته‌كارى و گۆڕينى ئه‌نجامى سندۆقه‌كان له‌ رێگه‌ى پرۆگرامى ئه‌ليكترۆنييه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

يه‌كێتیی نيشتيمانیی كوردستان، پێشتر به‌ به‌ياننامه‌ى ره‌سمى ره‌تي كردۆ‌ته‌وه‌ هيچ جۆره‌ ساخته‌كارييێكى له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجام دابێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى به‌ره‌ى توركمانى له‌ دژى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه‌يارێتى كورد له‌ كه‌ركووک، پێشێلکاری ھێزە عێراقییەکان لە کەرکووک بەردەوامه‌، ئەمەش ھاووڵاتییانی کوردی شارەکەی نیگەران کردوووە، بزووتنەوەی مافی کوردیش کە لە دوای شازدەی ئاکته‌وبرەوە دامەزراوە، لە دژی ئەو پێشێلکارییانە ھەڕەشەی خۆپێشاندانی فراوان دەکەن، ھاووڵاتییانیش داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکەن، بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا و دۆسييه‌ى کەرکووکیش لە پێشینەی کارەکانیان بێت.

سه‌رچاوه‌: Kurdistan24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15689

Your Comment

You are replying to: .
captcha