بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە 18/6/2018 کۆمپانیای فڵای ئەربیل یەکەم گەشتی خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە بۆ ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید دەست پێ کرد و لە نێو فڕۆکەکانی ئەو کۆمپانیایهشدا، خانمە پێشوازیکاری کوردی تێدایە و بە زمانی کوردی زانیاری بە سەرنشینانی نێو فڕۆکەکانی کۆمپانیاکە دەدرێ.
کۆمپانیای فڵای ئەربیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندوووە: "یەکەم فڕۆکەیان دوێنێ لە ستۆکھۆڵمەوە ھاتۆتەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر نیشتۆتەوە، بڕیاریشە لە ھەولێر و سلێمانی و بەغداوە گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا ڕێک بخەن.
دەستپێکردنی گەشتەکانی فڵای ئەربیل لە کاتێکدایە کە ھێشتا قەدەغەیە فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانیی عێراق بە ئاسمانی ئەورووپادا بفڕن، بە گوێرەی دوایین لیستی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەورووپی ھێڵی ئاسمانیی عێراق ڕێگەپێدراو نییە.
رابیتەی فڕۆکەوانانی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردوووە کە قەدەغەی فڕین بەسەر ئاسمانی ئەورووپا ھێشتا بەردەوامە و ھۆکارەکەیشی بەھۆی "خەمساردیی دەسەڵاتدارانی عێراقەوەیە".
باسیان لەوەش کردوووە: "چەندین جارە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەورووپا (EASA) ھۆشداری داوەتە ھێڵی ئاسمانیی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقیان ئاگادار کردۆتەوە".
ھەر لە بەیاننامەکەی رابیتەی فڕۆکەوانانی عێراقدا ھاتوووە: "ڕۆژی 14/6/2018 جارێکی دیکە قەدەغەکە نوێ کراوەتەوە و تەنیا کاتێک ڕێگە دەدەن کە لە ژێر چاودێریی مۆڵەتی لایەنی سێیەمدا بێت، ئێستاش لە رێگەی ئەتڵەس جێت ئەو کارە دەکەن و دەبێت پارەیێکی زۆر بدەن تا بتوانن فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانیی عێراق بچنە وڵاتانی ئەورووپا".
لە ساڵی 2015وە دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئەورووپا بەھۆی "نەبوونی پێوەرەکانی سەلامەتی تێیاندا"، ڕێگە نادات فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانیی عێراق بچنە سەر ئاسمانی وڵاتانی ئەورووپا.
سهرچاوه: باسنیووز
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment