بەپێی هەواڵی کوردپرێس خەلیل حەیدەری بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان لەو بارەیەوە وتوویەتی بازاڕچەی مەرزی لاوەکیی شۆشمێ کە دەکەوێتە ناوچەی پاوە و لە مەودای 35 کیلۆمەتریی شاری نەوسوودایە و سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە فەرمی کرایەوە.
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان زیادی کرد: مەرزی شۆشمێ یەکەم مەرزی کاتیی ئێرانە کە ڕۆژی 18ی حوزەیران بە فەرمی کراوەتەوە.
ناوبراو گوتیشی دانیشتووانی سەر سنووری ناوچەکە دەتوانن بە کارتی پیلەوەرییەوە سەردانی مەرزی شۆشمێ بکەن و چالاکیی بازرگانی ئەنجام بدەن و بەگوێرەی ژمارەی خێزانەکان لە داشکانی ڕسووماتی گومرگ بەهرەمەند دەبن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی گومرگی پارێزگای کرماشان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 50 ملوێن و 254 هەزار و 335 دۆلار کاڵا لە سنووری شۆشمێوە هەناردە کراوە و یەکێکە لە مەرزە لاوەکییە هەرە گرینگەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و 6 مەرزی فەرمی و بازاڕچە و مەرزی لاوەکیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانە زیاتر لە سەدا 50ی کۆی ڕێژەی کاڵای هەناردەکراوی نانەوتی لە ئێرانەوە بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت کە بایەخەکەی ڕێژەی 2 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
Your Comment