به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حاکم زاملی سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێکی تایبه‌تدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی تورکیا و سه‌رۆک کۆماره‌که‌ی ده‌ست له گرتنه‌وه‌ی ئاوی ڕووباری دیجله ھه‌ڵنه‌گرن و به ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانووستان نه‌ھاتنه ژێر باری ئه‌وه حکوومه‌تی عێراق ده‌توانێت چه‌ندین کارتی فشاری به‌ھێز له دژی تورکیا به کار بھێنێت که گرنگترینیان به‌کارھێنانی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌یه."
حاکم زاملی که یه‌کێکه له سه‌رکرده دیاره‌کانی ڕه‌وتی سه‌در ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر نامرۆڤایه‌تی تورکیا بگاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاوی خواردنه‌وه له ھاووڵاتییانی عێراق ببڕێت ئه‌وه به واتای ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ دێت بۆیه یه‌کێک له ئامرازه‌کانی به‌رده‌ستمان به‌کارھێنانی گه‌ریلاکانی په‌که‌که ده‌بێت دژی تورکیا."
ناوبراو وتیشی: "کۆمه‌ڵێک کارتی فشاری به‌ھێزمان له‌به‌رده‌سته به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه نا به‌ڵکوو دوای ئه‌وه‌ی عێراق بێ چاره بوو له قه‌ناعه‌ت پێکردنی تورکیا."
زاملی ئه‌وه‌شی وت: "حکوومه‌تی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق په‌یوه‌ندییێکی باشیان له‌گه‌ڵ په‌که‌که ھه‌یه و ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌سه‌ر ھه‌بێت."
زاملی سه‌باره‌ت به بوونی سوپای تورکیا له خاکی ھه‌رێم و ئه‌گه‌ری ده‌ست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌و وڵاته دژی په‌که‌که له قه‌ندیل جه‌ختی کرده‌وه "به‌ھۆی نه‌بوونی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه تورکیا ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی خۆی له سووریا و عێراق فراوان بکات بۆیه ده‌بێت حکوومه‌تی عێراق ڕاشکاو و بوێر بێت له‌سه‌ر ئه‌و سنوور به‌زاندنه‌ی تورکیا و به‌کارھێنانی بژارده‌ی سه‌ربازییش کراوه‌یه."
سه‌رچاوه: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment