عەللاوی و نوجێفی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی عەبادی دەکەن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجێفی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی حەیدەر عەبادی دەکەن بۆ کۆبوونەوەیێکی بەپەلەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن تاوەکو عێراق لە لێواری قەیرانێکی قووڵ رزگار بکەن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێشتریش پارتی، دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیکمە پێشوازییان لە داواکەی عەبادی کردبوو، هاوپەیمانیی سائیروونیش دەڵێت: تەنیا لە میدیاوە دەستپێشخەرییکەیان بیستوووە و هێشتا بە فەرمی کەس قسەی لەگەڵ نەکردوون، بۆیە مامەڵە لەگەڵ لێدوانیی گشتی و میدیاییدا ناکەن.

دەستپێشخەرییەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، بۆ کۆبوونەوەیێکی فراوانی لایەنەکان و رێککەوتن لەسەر بەرنامەی کاری حکوومەتی داهاتوو و بەڕێوەبردنی دەوڵەت، تا دێت کاردانەوەی لایەنە جیاوازەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هاوپەیمانی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و لە هەڵبژاردنی 12-5-2018ی پەرلەمانی عێراقدا بە 54 کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، دەڵێت تەنیا لە میدیاکانەوە ئەو دەستپێشخەرییەیان بیستوووە و بەفەرمی هیچیان پێنەگەیشتوووە.

زیا ئەسەدی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی رەوتی سەدر دەڵێت: "بانگهێشتنامەکەی دوکتۆر حەیدەر عەبادی تەنیا لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بوووە، ئەو بانگهێشتنامەیە کە داوای کۆبوونەوەی سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان دەکات دوای جەژنی رەمەزان، بۆ گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەت و رێککەوتنەکان، لەسەر ئەو پرسانە هیچ بانگهێشتنامەیێکی فەرمیمان پێنەگەیشتوووە، بۆیە ناکرێت وەڵاممان بۆ داوایێک هەبێت تەنیا لە راگەیاندنەوە بیستبێتمان".

نووری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، لەو هەڵبژاردنەدا بە دوو لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، رای‌گەیاند: "پشتیوانی له‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی جددی ده‌كەن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ مه‌ترسیدارە‌ی رووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه‌، پێویستە لە كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ میكانیزمی راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان دابنرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌بێته‌ بانگه‌شه‌ و پروپاگه‌نده‌یێكی سیاسی".

هاوکات هیواخوازە سه‌ركردەکانی سەرجەم لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شدار بن و داواش دەکات لایەنەکان به‌جددی بە به‌رنامه‌ و كاری ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییە پابەند‌بن.

سوننەکانیش بە شێوەیێکی گشتی بە ئەرێنییەوە پێشوازی لێ دەکەن، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، وێڕای پشتوانی کردن بۆ ئەو دەستپێشخەرییە، کۆبوونەوەیێکی فراوانی نیشتمانی بە گرنگ دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، پێویستە دۆسیەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەست بە قۆناخێکی نوێ بکرێت.

هەروەها ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بڕیاری عێراقی، پشتوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی عەبادی رادەگەیێنێت و بە پێویستی دەزانێت هەمووان بەشدار بن و نابێت کەسی لێ بەدەربکرێت، ئامادەیی خۆیشی دەردەبڕێت خۆی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات و پڕۆژەیێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای عێراق بخاتەڕوو.

پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای‌گەیاندبوو: "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی دوكتۆر حەیدەر عەبادی ببێتە هۆی دەست‌پێكردنی گفتوگۆی جددی لەپێناو دامەرزاندنی هاوپەیمانێتییەكی فراوان و لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا بتوانێت زۆربەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە چارەسەر بكات كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوا پێشوازی لێكراوە".

رۆژی 12-5-2018، هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، بەڵام لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی کەوتۆتە نێوان لایەنەکان و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەکانی پەسەند نەکردوووە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە نەگەنە رێكکەوتن، ئەوا عێراق دەکەوێتە نێو بۆشایی دەستوورییەوە.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15641

Your Comment

You are replying to: .
captcha