ئەمەریکا، بەریتانیا و ئێران داوای یەکڕیزی لە هێزە کوردستانییەکان دەکەن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئەمەریکا، بەریتانیا و ئێران داوا لە پارتی و یەکێتی و هێزە کوردستانییەکان دەکەن لە بەغدا یەکگرتوو بن و هەموویان پێکەوە دەنگی بەهێز بن بۆ زامن کردنی ئەو مافانەی لە دەستووردا چەسپێنراون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی و یەکێتی کۆکن لەسەر ئەوەی پێکەوە هاوپەیمانیی کوردستانی پێکبێنن، داواش لە لایەنەکانی دیکە دەکەن لەگەڵیان بن، چوار حیزبەکە کە یەقینیان هەیە ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاری کراوە، ناچنە هیچ هاوپەیمانێتی و رێککەوتنێک تا وەکو ئەو دەنگانەیان بۆ هەژمار دەکرێن کە دەڵێن دزراون.

ناوبەناو ھەواڵی نوێ لەنێو ماڵی ھێزە عێراقییەکان دەبیسترێت، ھەواڵ بۆ ھەوڵی پێکەوەیی ئەو جەمسەر و قەوارانەی تا دوێنێ ناکۆک و ئەمڕۆ بەدوای تەباییدا دەگەڕێن. بەڵام لە شەقامی سیاسیی کوردستاندا، قسەی نوێ لای زۆرینەیان ھێشتا ھەر دەنگوباسی ساختەکاری و شەڕی دەنگەکانە. گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیش داواکاریی بیانییەکان باس دەکات کە بەو حیزبەیان گوتووە.

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئێران داوایان لێکردووین یەکڕیز بین، بەمە دەتوانین نەک ئێمە بچین بۆ بەغدا، بەڵکوو ئەوان بێن بۆ لامان، بەڵام ئەگەر وانەکەین، ئەوکات بنەمای پێکھێنانی عێراق کە تەوافوقە، دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە".

لە قسەی یەکێتی و پارتیدا دیارە ئەو دوو لایەنە مەیلی ھاوپەیمانییان ھەبێت لە عێراق، لە دوای دوو کۆبوونەوەی بەغدا و ھەولێریش ھەر وایان دەگوت، لەملاشەوە، چوار پارتە ناڕازییەکە کۆبوونەوەی ناوبەناویان بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکی دیکەیە.

ھۆشیار عومەر، رێکخەری پەیوەندیییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند: "ئێمە ھەر چوار لایەنەکە دوای ئەنجامی دەنگەکان، بەرەو ئەوە دەچین بە یەک فراکسیۆنی ھاوبەش بچینە بەغدا".

لە خولی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی عێراق یەکێتی و پارتی پێکەوە بوون، بەڵام لە سێیەمدا جیابوونەوە، بەڵام لە زۆرینەی پرسە نیشتمانییەکاندا ئەو دووانە و ئەوانی دیکەش ھاودەنگ بوون.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری گوتی: "دوای ئەنجامی دەنگەکانمان ئەوکات باسی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دەکەین، ئەگەر بەدڵمان بوو، ئەوا بۆ ھەموو دیالۆگ و دانیشتنێک ئامادەین".

ئەوەی حیزبە ناڕازییەکانی تووشی شۆک کردوووە، جیاوازی زۆری نێوان قەرەباڵخی ئاھەنگەکانی بانگەشە و تەنک و تواڵی دەنگەکانی نێو سندۆقەکانە.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15638

Your Comment

You are replying to: .
captcha