توركیا له ‌سنووری‌ هه‌ولێر چوار باره‌گای‌ سه‌ربازیی نوێ‌ داده‌مه‌زرێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سوپای‌ توركیا له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر چوار سه‌ربازگه‌ داده‌مه‌زرێنێت و به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش له‌ سنووری‌ برادۆست زانیاریی‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یه‌نێت "توركیا له ‌به‌رنامه‌یدایه‌ باره‌گایێكی‌ دیكه‌ش بكاته‌وه‌ و ژماره‌ی‌ باره‌گاكانی‌ بۆ پێنج باره‌گای‌ سه‌ربازی زیاد بكات. سوپای‌ توركیا له‌ سنووره‌كه‌ كامێرای‌ چاودێریی‌ زۆر پێشكه‌وتوویان پێیه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سیح حه‌مه‌د ئه‌ندامی كۆمیته‌ی برادۆستی‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی‌ كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "هێزه‌كانی توركیا ئێستا له ‌چیای (دێل) جێگیر بوون و ئه‌م چیایه‌ له ‌قه‌زای سۆرانه و له‌ ڕووی‌ ئیداریشه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێره‌".

ناوبراو وتیشی‌: "هێزه‌كانی‌ توركیا له ‌سنووری‌ سۆرانه‌وه‌ زۆر نزیكن و چه‌كی‌ قورسی‌ (دۆشكه‌و هاوه‌ن)یان پێیه ‌و ئاڵاشیان هه‌ڵكردوووه‌ به‌ڵام هیچ مه‌ترسییێكی‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌ی توركیا و پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌دا نییه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ نوێ‌ له‌ سنووره‌كه‌دا ئاشكرای كرد: "توركیا له ‌سنووری‌ برادۆست چوار باره‌گایان كردۆته‌وه ‌و تێیدا جێگیر بوون، باره‌گاكانیش ده‌كه‌ونه‌ (چیای دێل، چیای ئاوده‌لكیكی‌، به‌رمیزه‌ له‌گه‌ڵ چیای‌ كه‌ویت) و له‌م باره‌گایانه‌دا ژماره‌یێكی زۆر كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و چه‌كی قورسیش هه‌یه ‌و كامێرای‌ چاودێریی‌ زۆر پێشكه‌وتووشیان پێیه و له ‌به‌رنامه‌شیاندایه‌ باره‌گایێكی‌ دیكه‌ش بكه‌نه‌وه‌ و زیاتر نزیک ببنه‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15621

Your Comment

You are replying to: .
captcha