بهپێی ههواڵی کوردپرێس، پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەمریکا و بەریتانیا مەبەستیانە دۆخی کەرکووک وەکوو پێش ساڵی 2014ی لێبێتەوە و هێزی هاوبەش پێکبهێنرێت و دەشڵێت: "وەکوو پارتی هێشتا چاوەڕێی جێبەجێ کردنی پلانەکەین، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ئەوا پلانی خۆمان هەیە و چیدی "قبووڵ ناکەین دۆخەکەم بەم شێوەیە بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵدا بە تەنیا نیوەی کورسییەکانی ئەو شارەی بەدەست هێنان، داوا دەکات کورد لە کەرکووک یەکدەنگ و یەکڕیز بێت و پەرلەمانتارێکی ئەو حیزبە دەڵێت: بۆ دەرچوون لەو ململانێیەی تێیکەوتووە، ئێستا بەغداش پێویستی بە یەکڕیزی کوردە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "ئەمریکا و بەریتانیا و عێراقیش لەگەڵ ئەوە بوون لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و هێزی هاوبەش پێک بهێنرێت و دۆخەکە وەکوو ساڵی 2014ی لێبێتەوە. تا ئێستا ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەین و ئەگەر جێبەجێ نەکرێن و دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە، نەک هەڵبژاردنی مانگی 12 قورستر دەبێت، بەڵکوو پەرچەکرداریشمان دەبێ و لێناگەڕێین دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوام بێت".
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە لایەن یەکێتییەوە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکمان و عەرەب بە دژایەتی کردنی دەنگە بەدەستهاتووەکانیان لە قەڵەم دەدرێن، سەرنج و رەخنەیان زۆرە، بەڵام بۆ یەکەمجاریشە لە ڕێگای رووداوەوە پڕۆژەیەکیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کەرکووک دەخەنە بەردەم لایەنەکان.
مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکی پەرتەوازەییەکان ئەو سیاسەتە چەوتەی پارتی و یەکێتییە کە لە کەرکووک کردیان، ئەو حکومڕانییە خراپەی کردیان، ئەمە قابیلی چاک کردنەوەیە، بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کە هی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە، من وەک هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان کاری جددی دەکەم بۆ ئەوەی کورد بە یەک لیست بەشداری بکات و لە ئێستاوە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە قسە دەکەم".
یەکێتی کە خاوەن گەورەترین پێگەی جەماوەری کەرکووکە، ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە یەک لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دروست بکەن، دەشیانەوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک هەمووان بەیەکەوە رێگای بەغدا بگرنەبەر.
رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "پێویستە واز لە هەموو بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان بێنین، چونکە کێشەکە پەیوەستە بە کوردەوە و دەبێ لە بەغدا یەکڕیز بین، هەروەها دەبێ لە بەغداوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان بنێین و مافە یاسایی و دەستورییەکانمان بەدەست بێنینەوە، بەغداش پێویستی بە یەکڕیزی کوردە".
لە دوای 13 ساڵ بێبەش بوون، بۆ یەکەمجارە پێکهاتەکان رێکبکەون لە مانگی 12ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدەن، بەپێی زانیارییەکانی رووداو عەرەب و تورکمان کە خاوەن یەک دیدی هاوبەشن بۆ پرسی کەرکووک، بە لیستێکی هاوبەش هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە دەدەن.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment