بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل نامیق سەرۆکی ژوری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "ھاوپەیمانێتیەکەی نێوان لیستەکانی سائیرون و فەتح، ھاوپەیمانێتیێکی کۆتایی نییە، چوونکە پێشتر چەند ھاوپەیمانێتیێک ڕاگەیەنرا، بەڵام کاتیی بووە، بۆیە باس کردنی لە پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی زووە و تائێستاش ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان پەسەند نەکراوە".
بەرپرسەکەی ژوری یاسایی گۆڕان، دڵنیایە لەوەی کە ئەژمار کردنەوەی دەنگدان بەدەستی، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە دەگۆڕێت، "بۆیە بەستنی ھاوپەیمانێتی نێوان لیستەکان زووە".
ناوبراو ئەوەشی وت: "پێدەچێت ئەو ھاوپەیمانێتیانە پەیامێکی سیاسی بێت بۆ لایەنەکان، ھێندەی ھەنگاوێکی ڕاستەقینە بێت".
ئیسماعیل نامیق باس لەوەش دەکات "ئەو ھاوپەیمانێتییەی نێوان سائیرون و فەتح، بەھیچ شێوەیێک بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبار نابات و کاریگەریی نابێت بۆ ئەژمار کردنەوەی دەنگدان بەدەستی".
سەرۆکی ژوری یاسایی بزووتنەوەکە ئەوەشی وت: "ھەرچەندە پێدەچێت چەند بڕگەیێکی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە ھەڵوەشێتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی دادگاکە بریتی بێت لە پاڵپشتی کردن لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەستی".
سەرچاوە: SNN
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment