کوردپرێس:
ڕۆژی شه‌ممه 10ی 4ی 2021 له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد له نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌باره‌ت به دۆخی سیاسی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دواپێشهات و گۆرانكارییه‌كانی ناوچه‌كه گفتوگۆیان كرد.
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاته سیاسییه‌كان گفتوگۆكرا، به‌تایبه‌ت ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌م روه‌وه دوپاتكرایه‌وه كه پێویسته زه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بڕه‌خسێت كه گوزارشتی راسته‌قینه‌ی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران بێت له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و ناكۆكییه‌كانی ئێستا و زامنكردنی سه‌قامگیری و ئارامی له داهاتودا.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌گرنگییه‌وه باس له په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021 و چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم كرا، ته‌ئكیدیش كرایه‌وه كه پێویسته بودجه له‌پێناو دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی ھاوڵاتیان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بژێوی ژیان و موچه جێبه‌جێبكرێت، هاوكات ئاماژه به‌وه‌درا كه پێویسته ئه‌مه سه‌ره‌تای گفتوگۆیێكی بونیاتنه‌رانه بێت بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان و حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم به‌گوێره‌ی ده‌ستور.
له ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دواپێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی كرا، له‌م روه‌وه ته‌ئكید له یه‌كخستنی هێز و تواناكان و نزیكردنه‌وه‌ی بیروبۆچونی هێز و لایه‌نه ناكۆكه‌كان كرایه‌وه، به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان.
Your Comment