ڕۆژانی جەژن هەر دوو  دەروازەی سنووری پەروێزخان و خەسرەوی کراوەن

بەشی کرماشان- قایمقامی قەسر شیرین ڕایگەیاند هەر دوو دەروازەی سنووری قەسر شیرین و پەروێزخان لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزاندا کراوە دەبن و جموجووڵی بازرگانی وەکوو ڕەوتی ئاسایی خۆی لەو دوو دەروازە سنوورییەوە بەردەوام دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس موراد عەلی تاتار ڕۆژی چوارشەمە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند هەر دوو دەروازەی سنووری پەروێزخان خەسرەوی ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان کراوە دەبن بەڵام لەبەر ئەوەی چەند ڕۆژێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە هەر دوو ڕۆژی سەممە و یەکشەمە 26 و 27ی حوزەیران هەناردە کردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام نابێت.

ناوبراو زیادی کرد ئەو بازرگانە ئێرانییانەی لە دیوی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لایەنی مامەڵەکەیان ئامادەی وەرگرتنی کاڵای بێت دەتوانن لەو ڕۆژانەشدا بەردەوام بن لە جموجووڵی بازرگانیی خۆیان.

قایمقامی قەسر شیرین ئەوەشی ئاشکرا کرد هەر دوو دەروازەی پەروێزخان و خەسرەوی کراوە دەبێت بۆ هاتووچۆی گەشتیاران تەنانەت لە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیشدا.

تاتار سەبارەت بە تەنکەرە عێراقییەکانیش ڕایگەیاند هاتوچۆی تەنکەرە نەوتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە دەروازەی پەروێزخانەوە وەکوو ڕۆژانی ئاسایی بەردەوام دەبێت.

شیاوی ئاماژەیە ڕۆژانە لە بەری ئێرانەوە زیاتر لە 1000 بارهەڵگر لە دەروازەی پەروێزخانەوە و 500 بارهەڵگریش لە دەروازەی خەسرەوییەوە کاڵا هەناردە دەکەن بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان.

News Code 15561

Your Comment

You are replying to: .
captcha