بهپێی ههواڵی کوردپرێس، شاندێکی کونسوڵگەری گشتیی ئێران لە هەولێر لەگەڵ لێپرسراوی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە و یاداشتێکی ناڕەزایەتییان لە لایەن ئێرانەوە گەیاندۆتە دەستیان سەبارەت بە جموجوڵەکانی ئەم دواییهی ئەو گرووپە ئۆپۆسیۆنانەی ئێران لە سنوورە هاوبەشەکانی هەر دوولا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، کونسوڵگەری ئێران نارەزایی ئێرانی گەیاندۆتە لێپرسراوانی هەرێم و جەختیشان کردۆتەوە لە مافی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگری کردنی لە سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە و لایەنی عێراقیشیان لەو بابەتە ئاگادار کردۆتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە لێپرسراوانی پەیوندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا جەختیان کردۆتەوە لەوەی کە ئیرادەی هەرێمی کوردستان بنیات نراوە لەسەر گەشەپێدان و چەسپاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا، هەروەها نیگەرانی خۆشیان دەربڕیوە سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییە و جەختیان کردۆتەوە لەوەی هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات بەوەی ئەو رووداوانە کاریگەرییان هەبێت لەسەر پەیوەندییە بونیاتنەرانەکانی نێوان هەر دوولا.
دووپاتیشیان کردۆتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیێک ئامادە نییە لەبەر خاتری گروپێک و حزبێک بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە مەترسییەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٠ی حوزەیران فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕەکەی نزیک شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەو شەڕەدا نۆ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوووە: شەوی هەینی لەسەر شەممەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی سیاکێوی سەر بە شاری شنۆ ڕووی داوە و لە ئەنجامی ئەو شەڕە نۆ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و ١٨ی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە: ئەگەرچی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە لەو شەڕەدا ٧ پێشمەرگە شەهید بوون بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ زیانێک بەر پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەکەوتوووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر و لە ڕاگەیەندراوێکدا قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندبوو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی زانیارییان بەدەست گەیشتوووە دەربارەی ئەوەی کە گروپێکی چەکدار بەنیازن لە سنوورەکانی شاری شنۆوە بچنە ناو خاکی ئێرانەوە بۆیە دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە ئەو ناوچەیە و شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە.
ڕاشیگەیاندبوو، هێزەکانیان توانیویانە ئەو گروپە بە تەواوەتی لەناو ببەن و لە ئەنجامی شەڕەکەش ٧ ئەندامی گرووپەکە کوژراون و بریندار بوون، بەڵام هێزەکانی قەرارگای حەمزە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتوووە.
سهرچاوه: ئیرنا
کۆدی ههواڵنێر: 60
Your Comment