حکوومەتی عێراق لیژنەی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی زیانیان بە هەڵبژاردنەکان گەیاندوووە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حکوومەتی عێراق لیژنەیێکی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان تایبەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووی ئیدارییەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و داواکاری گشتیش سکاڵا تۆمار دەکات لە دژی ئەو کەسانەی زیانیان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە گەیاندوووە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و ئەندامیێتی هەر یەکە لە بریکاری وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکی دەستەی نەزاهە و یاریدەدەری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتیی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ئەو فەرمانبەرانەی کە هۆکاربوون بۆ زیانگەیاندن بە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکە.

بەگوێرەی بەیاننامەیێک کە لەلایەن نوسینگەی عەبادییەوە بڵاو کراوەتەوە، دەزگای داواکاری گشتیی سکاڵا تۆمار دەکات لە دژی هەر کەسێک کە بۆتە مایەی زیانگەیاندن بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بە گوێرەی یاسا، هەروەها داواکردن لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە تاوانکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، بەمەبەستی دڵنیایی دان لە سەلامەتی هەڵبژاردنەکان و ئاشکرا کردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون و دەستگیرکردنیان.

ئەوە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی وتاری هەفتانەى خۆییدا ڕای‌گەیاند: نە پەرلەمان و نە حکوومەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان نییە و پێویستە دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە بڕیاربدات.

ئاماژەى بەوەش کرد: بەپێی لێکۆڵینەوەکان سووتانی کۆگاکەى کۆمیسیۆن لە بەغدا بە ئەنقەست بووە.

ئەمەش لەدواى ئەوە هات دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە دوێنێ بڕیاریدا ٤ کەس دەستگیر بکات بە تۆمەتی سووتاندنی کۆگای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بەری ڕەسافەی بەغدا.

پێشتریش حەیدەر عەبادی فەرمانی کرد بە سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە بەردەم کۆگاکانی کۆمیسیۆن بگرنەبەر و ژمارەی هێزی ئەو شوێنانە زیاد بکەن.

بەر لەوەی پرۆسەی بژاردنی دەستیی دەنگەکان دەست‌پێبکات، دوانیوەڕۆی ١٠ی حوزەیران ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی ڕەسافە لە نزیک شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش ڕای‌گەیاند: بەشێک لە سندوقەکان بە تەواوی سووتاون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15516

Your Comment

You are replying to: .
captcha