وه‌فدێکی ھاوبه‌شی ھه‌ولێر و به‌غدا سه‌ردانی ئێران ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌فدێکی ھاوبه‌شی ھه‌ولێر و به‌غدا پێکه‌وه‌ ده‌چنه‌ تاران و پرسی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووک یه‌کلا ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌نداوه‌کانی ھه‌رێمیش جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ "تا ئێستا کێشه‌ی گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌کره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌نداوه‌کانی ھه‌رێم به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "تا ئێستا چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کانی ئێران به ‌ڕووی ھه‌رێم و عێراقدا نه‌کراوه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش به‌رده‌وام ڕۆژانه‌ ئاستی ئاوی ھه‌رێم ڕوو له‌ که‌مبوونه‌وه‌ ده‌کات."

ئه‌کره‌م ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به ‌چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن کونسووڵی ئێران له‌ سلێمانی وه‌کوو به‌ڵێن درابوو وتی: "کونسووڵی ئێران له‌ سلێمانی ھیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نییه ‌و ئه‌و دڵنیایییه‌شی به ‌ھاووڵاتییانی کوردستان دا گۆڕانکاری له ‌ھه‌ڵوێستی تاراندا ڕووی نه‌داوه‌ و ئه‌و کێشه‌یه‌ش که‌ ھه‌بوووه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌."

ناوبراو ڕوونیشی کرده‌وه‌ "بڕیاروایه‌ دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان که‌ ١٩ی ئه‌م مانگه‌ ده‌کات وه‌فدێکی عێراق سه‌ردانی تاران بکات به ‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ھۆکاری گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کانی ھه‌رێم له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ و ھه‌روه‌ھا دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی."

ئه‌وه‌شی وت: "وا بڕیاره‌ ئه‌و وه‌فده‌ی عێراق که‌ سه‌ردانی تاران ده‌کات نوێنه‌ری ھه‌رێمی کوردستانیشی تێدا به‌شدار ده‌بێت بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ نێوان ھه‌رێم و به‌غدا و تاراندا."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15487

Your Comment

You are replying to: .
captcha