پارتی له ‌دادگای فیدراڵ سكاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراق تۆمار ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی ده‌زگای ھه‌ڵبژاردنی پارتی گوتی: دوای بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ک پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دادگای فیدڕاڵ سکاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراق تۆمار ده‌که‌ین چوونكه‌ ناكرێت ده‌نگی تایبه‌ت و ئاواره‌كان و ده‌ره‌وه‌ ھه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ده‌ره‌وه‌ و ئاواره‌كان پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ توندی ناڕه‌زایه‌تیی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ نیشان دا و داوای كرد پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیارانه‌دا بكرێت و شاره‌زایانی یاسایی و ده‌ستوورییش پێیان وایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستووری عێراقه‌.

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی ده‌زگای ھه‌ڵبژاردنی پارتی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ئاواره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی ده‌ركرد ئێمه‌ وه‌ک پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردوووه‌ و به‌و بڕیاره‌ ڕازی نابین كه‌ په‌رله‌مان داویه‌تی چوونكه‌ مافی په‌رله‌مان نییه‌ ده‌نگی خه‌ڵک ھه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌."

گۆران گوتیشی: "جارێ نازانین ئه‌نجامی سكاڵای ئێمه‌ له‌ دادگای فیدراڵی چی ده‌بێت و چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگا ده‌كه‌ین."

له‌باره‌ی سووتاندنی كۆگای سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ به‌غدا ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی گوتی: "سووتاندنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان ئاماژه‌یێکی زۆر مه‌ترسیداره‌ و پێویسته‌ رێگری لێ بكرێت و له‌ ھه‌رێمی كوردستان قه‌ت ڕێگه‌ به‌ كاری له‌و شێوه‌یه‌ نادرێت به‌ڵام ناتوانین له‌ ئێستاوه‌ بڕیار بده‌ین كه‌ ئه‌و كاره‌ی كراوه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بوووه‌ یاخود نا چوونكه‌ پێویسته‌ چاوه‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ین."

هه‌ر پێوه‌ست به‌و پرسه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق موحسن سه‌عدوون بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "راسته‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمی سكاڵای له‌ دادگای فیدراڵی تۆمار كردوووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان نییه‌ ده‌نگی خه‌ڵک ھه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ چوونكه‌ كاری په‌رله‌مان ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێ یاسا ھه‌موار بكاته‌وه‌ و یاسا ده‌ربكات و چاودێری بكات نه‌ک ئه‌نجامی ھه‌ڵبژاردن ھه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌."

سه‌عدوون هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد: "پێویسته‌ دادگای فیدراڵی بڕیارێک بدات و سكاڵاكه‌یش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ یه‌كلا ببێته‌وه‌ چوونكه‌ په‌رله‌مان كارێكی كردوووه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ده‌ره‌ و مافی ئه‌وان نییه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن و ھه‌ڵبژاردن ھه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15480

Your Comment

You are replying to: .
captcha