له‌سه‌ر سووتانی کۆگاکانی کۆمیسیۆن عه‌بادی و وه‌زیری ناوخۆ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: په‌رله‌مان میوانداری سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆی عێراق ده‌بێت بۆ گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر ڕووداوی سووتانی سندوقه‌کانی ده‌نگدان.

کوردپرێس- ئاژانسی هه‌واڵی سپۆتنیک له‌ زاری محه‌مه‌د نووری عه‌بدڕه‌به‌ که‌ له‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌ ئاشکرای کرد: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی حوزه‌یران په‌رله‌مان دانیشتنێکی نائاسایی ئه‌نجام ده‌دات بۆ میوانداری کردنی هه‌ریه‌که‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران و قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری ناوخۆی عێراق بۆ قسه ‌کردن له‌سه‌ر ڕووداوی سووتاندنی کۆگایێکی تایبه‌ت به‌ سندوقه‌کانی ده‌نگدانی په‌رله‌مانی عێراق که‌ له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرا.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیۆن هیچ سیفه‌تێکی یاسایییان نه‌ماوه‌ بۆیه‌ بانگهێشتی ئه‌و دانیشتنه‌ نائاسایییه‌ی په‌رله‌مان ناکرێن.

محه‌مه‌د نووری عه‌بدڕه‌به‌ گوتیشی: ئه‌وان ١٠٠% دڵنیان له‌وه‌ی که‌ سووتانه‌که‌ به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌سته‌ و ڕه‌نگه‌ چه‌ند لایه‌نێکی دیاریکراو له‌ کاتی پرۆسه‌ی جیا کردنه‌وه‌ و بژاردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان زیانیان پێبگات و هه‌ندێک لایه‌نیش ده‌یانه‌وێت دۆخه‌که‌ ئاڵۆز بکه‌ن.

عه‌بدڕه‌به‌ ئۆباڵی سه‌ره‌کیی ڕووداوه‌که‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی کۆمیسیۆن به‌ پله‌ی یه‌که‌م که‌ که‌موکوڕی نواندوووه‌ و بووه‌ته ‌هۆی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌که‌، جگه‌ له‌وه‌ش لیژنه‌ی ئه‌منی به‌رپرس له‌ پاراستنی کۆگای کۆمیسیۆن به‌شێکی به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ که‌ ده‌بوایه‌ ئیراده‌یێکی ڕاسته‌قینه‌ هه‌بوایه‌ بۆ پاراستنی شوێنی سندوقه‌کانی ده‌نگدان به‌و پێیه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان جۆرێک له‌ ناکۆکی و ئاڵۆزی سیاسی دروست کردبوو.

ئه‌وه‌ له ‌کاتێکدایه‌ ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یران حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی کرد به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئۆپراسیۆنه‌کان له‌ پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئه‌منی توند و تۆڵ له ‌به‌رده‌م کۆگاکانی کۆمیسیۆن بگرنه‌به‌ر و ژماره‌ی هێزی ئه‌و شوێنانه‌ زیاد بکه‌ن.

به‌ر له‌وه‌ی پرۆسه‌ی بژاردنی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان ده‌ست پێبکات دوانیوه‌ڕۆی ١٠ی حوزه‌یران ئاگر له‌ یه‌کێک له‌ کۆگاکانی سندوقه‌کانی ده‌نگدانی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژادنه‌کان له‌ ناوچه‌ی ڕه‌سافه‌ له‌ نزیک شه‌قامی فه‌له‌ستین له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا که‌وته‌وه‌ و لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غداش ڕای‌گه‌یاند به‌شێک له‌ سندوقه‌کان به‌ ته‌واوی سووتاون.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15463

Your Comment

You are replying to: .
captcha