كه‌نه‌دا ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی ده‌نگۆی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له ‌هه‌رێم ده‌دات

به‌شی جیهان- كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری هاوپه‌یمانییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌رێوه‌ چوو كه‌ تێدا لایه‌نی كه‌نه‌دی ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له ‌هه‌رێمی كوردستان دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه 11ی حوزه‌یران‌ به ‌سه‌رپه‌رشتیی كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت و به‌ ئاماده ‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی و فه‌ریق جه‌مال فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ ‌و نوێنه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمان كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری هاوپه‌یمانییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕاپۆرته‌كانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و هه‌واڵگری و مه‌شق پێشكه‌ش كران و ئامار و داتای ڕووداوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان خرایه‌ ڕوو و هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر جموجوڵی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری نێوان سووریا و عێراق.

دواتر جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی خوله‌كانی مه‌شق و ڕاهێنان كرایه‌وه‌ بۆ زیاتر راهێنان و پته‌وكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ت پرسیار له‌ نوێنه‌ری وڵاتی كه‌نه‌دا كرا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری ئه‌و وڵاته‌ له‌ هاوپه‌یمانیی دژی داعش ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له ‌هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جێگۆڕكێ كردنی هێزه‌كانیانه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌تر.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15460

Your Comment

You are replying to: .
captcha