کوردپرێس: تەلەفیزیۆنی ڕووداو بڵاوی کردەوە بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 10-4-2021 شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کاژێر 2ی دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەکەم دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت. دواتر لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و پاشانیش لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
جیا لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەریەک لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریس ئەوەی راگەیاندبوو کە سەردانی بەغدا دەکات و نێوەڕۆکی ئەو بابەتانەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەرەنسا باسی کردوون، لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار و لایەنەکانی عێراق تاوتوێیان دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment