کوردپرێس:
موحەڕەم ئینجە دروشمی رابیعەی ئەردۆغانی بە شێوازێکی تایبەت بۆ خەڵک روون کردەوە و گوتی ماناکانی ئەو چوارە ئەمانەن: گەندەڵی، نەبوونی، قەدەخە و درۆ.
ئینجە گوتی ''ئەردۆغان دێتە گۆڕەپانەکان و ئەو ئاماژەیە دەکات، دەزانن ئەمە چیە؟ با پێتانبڵێم ئەم رابیعەیە مانای چییە. لە سەردەمی ئەردۆغاندا گەندەڵی هەیە، ئەمە یەک. لە سەردەمی ئەردۆغاندا نەبوونی هەیە، ئەمە دوو. لە سەردەمی ئەردۆغاندا قەدەخە هەیە، ئەمە سێ. لە سەردەمی ئەردۆغاندا درۆ و دەلەسە هەیە. ئەوەش رابیعە''.
لەبارەی بەرکارهێنانی چوار پەنجەی دەستی لەکاتی قسەکردن و بانگەشەدا، پێشتر ئەردۆغان گوتبووی، جگە لەوەی وەک پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی میسر لە 2013 دژی کودەتای عەبدولفەتاح سیسی بەسەر محەممەد مورسی بەکاریهێناوە، هەروەها چوار مانای دیکەشی هەیە، ئەوانیش: یەک میللەت، یەک زمان، یەک نیشتمان و یەک دەوڵەتن.
لەبارەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، موحەڕەم ئینجە، کاندیدی جەهەپە لە کاتی بانگەشەکردن لە ئامەد گوتی "با بزانین ئەو دەیەوێ پرسی کورد چارەسەر بکات یاخود نا؟ من دەمەوێ چارەسەری بکەم. چونکە ئەم کێشەیە چۆن بووە کێشەیێکی ئابووری و کەلتووری و دیموکرای، هاوکات بووەتە کێشەیێکی سیاسیی ئەخلاقی. واتا سیاسەتڤان دێتە دیاربەکر بە جۆرێک، لە ئەدیرنە بە جۆرێک لە ترابزۆن بە جۆرێکی دیکە قسە دەکات. بە هیچ شێوەیێک درۆ ناکەم، لە دیاربەکر چی بڵێم لە ئەدیرنە هەمان قسە دەکەم"
موحەڕەم ئینجە راشیگەیاند، لە پلانیدا هەیە جگە لە زمانی تورکیا، زمانی دایک (کوردی، عەرەبی، چەرکەزی) لە قوتابخانەکاندا بخەنە پرۆگرامی خوێندن.
Your Comment