مه‌سروور بارزانی: هه‌رێم ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ هاوپه‌یمانییه‌تییێک نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی ڕۆمانیا له‌ عێراق کۆ بوونه‌وه‌ و له‌و دیداره‌دا مه‌سروور بارزانی ڕای‌گه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ هاوپه‌یمانییه‌تییێک ‌و كه‌سێک نییه‌، كێ ئاماده‌ی جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێنداكه‌ی بێت ‌و كار بكات بۆ جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور وه‌ک یه‌ک پاكێج پشتیوانی لێده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یران مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ئایاكوب برادا باڵیۆزی رۆمانیا له ‌عێراق و شاندی یاوه‌ری کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و میكانیزمی عێراقێكی سه‌قامگیر و بووژاوه‌ تاوتوێ كرا.

مه‌سروور بارزانی په‌یوه‌ست به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا كه‌ كێشه‌كانی عێراق له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن گه‌وره‌ترن و وه‌ک هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌یێكمان له‌سه‌ر به ‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان نییه‌ و له‌ سه‌ره‌تا‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاندوووه به‌ڵام كێشه‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ پێشێلكارییێكی زه‌قه‌ به‌رامبه‌ر مافی ده‌نگدان. به‌ عه‌قڵییه‌تی خۆسه‌پاندن و ره‌تكردنه‌وه‌ و داننه‌نان به‌ مافی گشت پێكهاته‌ جیاوازه‌كان عێراق سه‌قامگیر و سه‌ركه‌وتوو نابێت.

له ‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ڕۆمانیا له‌ عێراق په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له ‌نێوان ڕۆمانیا و هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگ وه‌سف كرد و گوتیشی: له‌پێناو عێراقێكی سه‌قامگیر و بووژاوه‌ ناكرێت ڕۆڵی كورد له‌به‌رچاو نه‌گیرێت.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15401

Your Comment

You are replying to: .
captcha