پەکەکە: تورکیا دەیەوێت هەرێمی کوردستان داگیر بکات و ئامادەین ڕووبەڕووی ببینەوە

به‌شی تورکیا- وتەبێژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕای‌گەیاند: تورکیا دەیەوێت هەرێم داگیر بکات و هەرکاتێکیش بێنە خاکی عێراقەوە ئامادەن ڕووبەڕوویان ببنەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، رێڤان ولات وتەبێژی پەکەکە بە سۆمەرییە نیوزی ڕاگەیاند: "تورکیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزێکی زۆری لەسەر سنووری تورکیا – عێراق کۆ کردۆتەوە و تا ئێستاش نازانین نیازی چییە لە کۆکردنەوەی ئەو هێزە."

ڕاشی‌گەیاند: "هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا لەکاتی هاتنیان بۆ خاکی هەرێم لە هەرکاتێکدا."

ئاماژەی بەوەش کرد: لە بەرامبەر هاتنە ناوەی سوپای تورکیا بۆ هەرێم حکوومەتی ئەو وڵاتە باجێکی گەورە دەدات.

دووپاتیشی‌کردەوە: هەوڵەکانی تورکیا بۆ هاتنەناوەوەی هەرێم حزبەکەیان ناکاتە ئامانج، بەڵکوو ئەنکەرە ئامانجی فراوانبوونی هەژموونی خۆی هەیە.

دوێنێ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕای‌گەیاند: ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا بێت هێرش بکەنە سەر قەندیل و شنگال و مەخمووریش.

ئەو لێدوانەى ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە سوپاى ئەو وڵاتە لە ناوچەى سیدەکانى قەزاى سۆران بە قووڵاییی زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر سنوورى هەرێمیان بەزاندوووە و ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن ئامانجى ئەو هێزەى تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر قەندیلە، بەڵام کەجەکە دەڵێت کە ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنە.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15348

Your Comment

You are replying to: .
captcha