بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ئەیوب عەبدوڵڵا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەSNNی ڕاگەیاند، "مەترسییێكی جدی لە دەستپێكردنی هێرش بۆسەر قەندیل و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قەندیل هەیە".
وتیشی: "ئێستا سوپای توركیا هاتوونەتە دەروازەی قەندیل و نزیک بوونەتەوە، بە جۆرێک سوپای توركیا بەچڕی لە سنووری (برادۆست)ن و توانیویەتی هێڵی پەیوەندیی نێوان قەندیل و چیای گارا ببڕێت و لە دەروازەری زنجیرە چیای قەندیل جێگیربن".
بە وتەی سەرۆكی ئەو لیژنەیە، "مەترسیی هێرش كردنەسەر قەندیل زۆر نزیكە و جگە لە گەریلاكانی پەكەكە، هیچ ڕێگرییێكی دیكە لە بەردەم سوپای توركیادا نییە".
ئەیوب عەبدوڵڵا وتیشی: "هاتنی سوپای توركیا و دەركەوتنیان بەو شێوە ئاشكرایە لە گوندەكانی هەرێمی كوردستان، زەنگێكی مەترسیدارە بۆ دروست بوونی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكەدا كە دەبێتە هۆی بەسوتماک كردنی خاكی هەرێم و وێرانكردنی گوندەكان و تێكدانی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەكە".
ئەوەشی ڕووون كردەوە: "مەترسیی ئەوەش هەیە شەڕی سوپای توركیا و قەندیل (پەكەكە) بیانوو بەدەستەوە بدات بۆ هاتنەناوەوەی هێزی گەورەی جیهانی (ئەمریكا ـ ڕووسیا) بۆ ناو ململانێكە و هاوشێوەی ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت".
لەو ڕوەشەوە بەپێویستی زانی، "حكوومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و بێتە سەر خەت و داوای كشانەوە لە سوپای توركیا بكات، بەڵام بێدەنگی ئێستای بەغدا جێگەی گۆمانێكی مەترسیدارە".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان باس لەوەش دەكات: "نابێت لەوە زیاتر حكوومەتی هەرێم بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو مەترسییە و پێویستە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێت".
لە لایێكی دیكەشەوە سەرحەد ئەمانۆس وتەبێژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەSNNی ڕاگەیاند: "بە هەموو شێوەیێک دژی هەر جووڵەیێكی داگیركاری سوپای توركیا بۆ سەر قەندیل دەوەستین و بەشێوازی شەڕی گەریلایی ڕووبەڕوویان دەبینەوە".
وتیشی:"هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ گەریلا بابەتێكی گەورە نییە، چوونكە پەكەكە ماوەی 40 ساڵە لەگەڵ سوپای توركیا شەڕ دەكات و بەردەوامە و بەردەوامیش دەبین".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment