بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی باڵای تورکیا دەڵێن ئامادەی هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر پەکەکە دەبن لە ناوچەی قەندیل لە هەرێمی کوردستان و ئێستا هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا لە قووڵایی 30 کیلۆمەتریی خاکی هەرێمی کوردستان جێگیر بوونە. ژمارەیێک لە بەرپرسانی تورکیاش دەڵێن ئەگەری بەشداریی ئەمریکا لەو هێرشەدا هەیە.
هالدون سولماز تورک، لە فەرماندە پێشووەکانی ئەرتەشی تورکیا بە هەواڵدەریی فەرمیی چینی وتووە ئەمریکا ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی سنوورداری تورکیا دژ بە پەکەکە لە قەندیل ناکات بەڵام لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی بەربڵاویشدا بۆ وەدەرخستنی ئەو گرووپە لە قەندیل نییە.
بەڵام ئیهان ئوزگول، مامۆستای پێوەندیی نێونەتەوەیی لەو باوڕەدایە ستراتێژیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەسەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا تەرکیز دەکات و ئەو وڵاتە ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی تورکیا لە قەندیل ناکات.
ناوبراو دەڵێت: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەکەکە هێزە سەرەکیەکانی خۆی بۆ سووریا و ناوچەی شەنگال گواستووەتەوە و کوێستانی قەندیل چیدی گرنگایەتیی پێشووی بۆ پەکەکە نییە. بەڵام تورکیا دەرفەتی لە بەردەستدایە تا هێرش بکاتە سەر قەندیل و پێش هەڵبژاردنەکانی 24ی حوزەیران چانسی سەرکەوتنی پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژادرنەکاندا زیاد بکات.
سولماز تورک لەو باوڕەدایە تورکیا نایهەوێت ئۆپەراسیۆنی بەربڵاو دژ بە پەکەکە لە قەندیل ئەنجام بدات و تەنها بۆ زیاد کردنی چانسی سەرکەوتنی پارتی دەسەڵاتدار، دەست بەسەر ژمارەیێک لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی پەکەکە-دا دەگرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment