عه‌بادی له‌ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان کشایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هاوپه‌یمانێتیی نه‌سر سه‌باره‌ت به ‌به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "به‌نیازبووین به‌شداری بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی په‌له‌كردنی كۆمیسیۆنه‌وه‌ كشاینه‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تۆڕی هه‌واڵی SNN ئیدعا ده‌کات هاوپه‌یمانیی نه‌سر له‌ هه‌ولێر ڕوونکردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: "به‌نیازبووین به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین وه‌ک لیستی هاوپه‌یمانیی نه‌سر، به‌ڵام هه‌نگاوێكی كرداری له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌نرا به‌هۆی نه‌بوونی كاته‌وه‌، چوونكه‌ له ‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ به‌په‌له‌ واده‌ی تۆماركردنی لایه‌نه‌كان دیاری كرا".

وتیشی: "بۆ به‌شداری كردن ئاماده‌كاری پێشوه‌ختی پێویست بوو، بۆیه‌ به‌هۆی نه‌بوونی كاته‌وه‌ نه‌مانتوانی به‌شداریی بكه‌ین، واده‌ی تۆماركردنی ناوی قه‌واره‌ و كاندیده‌كانیش نزیكبوو له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی 5ی ئه‌مساڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تا ئێستاش ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ته‌واوی یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌توانرا ئاماده‌كاریی پێویست بكرێت، ئه‌گه‌رنا ده‌مانویست به‌شداری بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش وتی: "ئه‌گه‌ر كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم جیاواز بێت و له‌ 30ی 9ی ئه‌مساڵ نه‌بێت، ئه‌وا ده‌كرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و به‌شداریی له‌و پرۆسه‌یه‌ بكه‌ین، هه‌رچه‌ند تا ئێستا قسه‌ی ته‌واوه‌تی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15287

Your Comment

You are replying to: .
captcha